Hakan Çopur,Erkan Avci,Muhammet Ali Kemal
28 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن- AA
- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر:
- ''بوونی پەکەکە لە شنگال، وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم رێککەوتن و سازاندا دەبینین''.
- پێموایە حکوومەت (حکوومەتی بەغدا) سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئارامیی لە شنگال و ئەو کێشانەی بەهۆی بوونی پەکەکەوە لەو ناوچەیە هاتوونەتە ئاراوە، هەمان نیگەرانییەکانی ئێمەی هەیە''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە شنگال رایگەیاند: ''پەکەکە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناسێنراوە، نابێت هیچ رۆڵێکی لە شنگال هەبێت. بوونی پەکەکە لە شنگال، وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم رێککەوتن و سازاندا دەبینین''.
مارک تۆنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە وەزارەتی دەرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین رووداو و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا کرد.
تۆنەر جەختی لەوەکردەوە بوونی پەکەکە لە شنگال، وەک گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم رێککەوتن و سازاندا تەماشا دەکەن و گوتی: ''پەکەکە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناسێنراوە، نابێت هیچ رۆڵێکی لە شنگال هەبێت''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپێویستی زانی هەموو گرووپە چالاکەکانی ناو شنگال رێز لەو پرۆسەی سازانە بگرن کە مەبەست لێی گەڕانەوەی دانیشتوانی خۆجێیی ناوچەکەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، باسی لەوەشکرد ئەوان هانی هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا دەدەن لەوبارەیەوە لە هاریکاریی و هەماهەنگی چڕ وپڕدا بن.
مارک تۆنەر راشیگەیاند: ''پێموایە حکوومەت (حکوومەتی بەغدا) سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئارامیی لە شنگال و ئەو کێشانەی بەهۆی بوونی پەکەکەوە لەو ناوچەیە هاتوونەتە ئاراوە، هەمان نیگەرانییەکانی ئێمەی هەیە''.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێکدا هۆشداریی ئەوەی دابوو ئەگەر بێت و پەکەکە لە شنگال نەکشێتەوە، ئەوا رەنگە پەنا بۆ ''هێزی سەربازیی'' ببەن.
پەکەکە ھێرشی داعشی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بۆسەر شنگال وەک بیانوویەک بەکارھێنا و لەو ناوچەیە جێگیربوو.