14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
قودس- AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل پەیامی ئەوەی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو راگەیاند کە دروستبوونی هەژموونی چین لەسەر ئابووری ئیسرائیل، واشنتۆنی نیگەران کردووە.
مایک پۆمپیۆ دوای بێنیامین ناتانیاهو چاوی بە سەرکردەی هاوپەیمانی شین- سپی، بێنی گانتز کەوت کە لەئێستادا بە هاوپەیمانی لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهو حکوومەتیان پێکهێناوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لێدوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دا و ئەوەی دووپاتکردەوە کە واشنتۆن نایەوێت حکوومەتی پەکین هیچ پەیوەندییەکی بە ژێرخانی ئیسرائیلەوە هەبێت، چونکە هەماهەنگی نێوان چین و ئیسرائیل، هەڕەشەیە بۆسەر کارکردنی واشنتۆن و تەل ئەبیب لە پڕۆژە گرنگەکاندا.
مایک پۆمپیۆ باسی لەوەش کرد کە لەبارەی ئەم پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهو کردووە و چەند زانیارییەکی هەواڵگری لەسەر مەترسی هەماهەنگی لەگەڵ چین پێداوە و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردانەوەی بەرامبەر راوبۆچونەکانیان نیشانداوە، بەڵام هێشتا بابەتەکە لە قۆناغی مشتومڕدایە.