Zana Natık Kerem,Shamal Nouman Bakir
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی باکووری ئەمریکا (NORAD) رایگەیاند، رێگایان گرتووە لە دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری Tu-95 Bear-H کە لە کەناراوەکانی ویلایەتی ئالاسکا نزیککەوتبوونەوە.
فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی باکووری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوو فڕۆکەی جەنگییان لە جۆری F-16 رێگایان گرتووە لە دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری Tu-95 Bear-H کە هاتبوونە ناو ناوچەی دیاریکردنی بەرگریی ئاسمانیی لە ویلایەتی ئالاسکا.
راشیگەیاند کە هەردوو فڕۆکە رووسییەکە "لە کایەی ئاسمانیی نێودەوڵەتییدا مانەوە و نەهاتنە ناو کایەی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان یان کەنەدا".
روونیشی کردەوە "فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی باکووری ئەمریکا، ئەم چالاکییەی رووسیا لە ناوچەی دیاریکردنی بەرگریی ئاسمانیی باکووری ئەمریکا بە هەڕەشە یان دەمارگرتن لەقەڵەم نەداوە".
باسی لەوەشکردووە "فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی باکووری ئەمریکا بەشێوەیەکی ئەرێنی شوێن ئەو فڕۆکە جەنگییە بیانییانە دەکەوێت کە دێنە ناو ناوچەی دیاریکردنی بەرگریی ئاسمانیی و بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری جوڵەکانیان دەکات و لەکاتی پێویستدا یاوەرییان دەکات لە ناوچەکە".
وابڕیارە ئەم هەفتەیە "ناتۆ" مانۆڕی سەربازیی لەسەر ئامادەباشی ئەتۆمی ئەنجام بدات، هەروەها واچاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە رووسیاش هەمان جۆر مانۆڕ دەست پێ بکات.
لەلایەن خۆیەوە کرملین رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکی لەمبارەیەوە لەبەردەستدا نییە.