Haydar Şahin
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2022
تاران - AA
لە کاتێکدا زیاتر لە مانگێک بەسەر ئەو خۆپیشاندانانەی ئێراندا تێپەڕیوە کە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی سەریانهەڵداوە، خۆپیشاندانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە درێژەی هەیە.
لە خۆپیشاندانەکانی ناو زانکۆکاندا، هوتاف دژبە حکوومەت دەکێشرا و داوا کرا خوێندکارانی دەستگیرکراو ئازاد بکرێن و کۆتایی بە دەستگیرکردنەکان بهێندرێت.
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە هەژماری تیلیگرامی یەکێتیی خوێندکارانی دامەزراوە ئیسلامییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، خوێندکارانی زانکۆی عەلامە تەباتەبائی لە میانی سەردانی گوتەبێژی حکوومەت بۆ زانکۆکەیان، خۆپیشاندانیان سازکردووە.
خۆپیشاندەران لە پاڵ هوتافکێشانی ''یەک کەس دەمرێت، هەزار کەس لە دوایەوە رێپێوان دەکات'' هوتافیان دژبە حکوومەتیش گوتەوە.
خوێندکاران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لەبەردەم کەمپی زانکۆکەدا، هێزی تایبەت و مینی پاس دانراوە و هێزەکانی بەسیج لەناو زانکۆکەدا، رووبەڕووی خوێندکاران بوونەتەوە.
لەو گرتەڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە خوێندکارانی زانکۆی مازەندەران-یش خۆپیشاندانیان ساز کردووە.
خۆپیشاندەران هوتافی ''زانکۆی سەربازیی ناخوازین'' و ''کاتێک راستمان گوت دەنگی هێرشمان بیست''یان کێشا.