Dilara Zengin Okay
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەنیازە ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی نەوتی ستراتیجیی بخاتە بەردەست.
لە راگەیەندراوێکی کۆشکی سپیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بایدن رێکاری نوێ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەمریکا، هاندانی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچووەکان رادەگەیەنێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی وزە ئەمڕۆ چوارشەممە، پلاننامەی فرۆشتنی ١٥ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ستراتیجیی بڵاودەکاتەوە كە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵدا رادەست دەكرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەو فرۆشتنەی باسی لێوە دەکرێت بڕیاری خستنەڕووی زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن بەرمیل تەواو دەکات کە لە مانگی ئاداردا راگەیەندرابوو و بایدن داوای لە وەزارەتی وزە کردووە، ئەگەر پێویست بوو ئەم زستانە لە ئامادەباشیدا بێت بۆ فرۆشتنی نەوتی ستراتیجیی زیاتر.
لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژە بەوە کراوە، جۆ بایدن پلانی کڕینی نەوت بۆ یەدەگی نەوتی ستراتیجیی رادەگەیەنێت کاتێک نرخی نەوت بۆ مەودای ٦٧-٧٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یان کەمتر دادەبەزێت.
پلانی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ فرۆشتنی نەوتی زیاتر لە یەدەگی نەوتی ستراتیجیی خۆی، دوای بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵەس هات سەبارەت کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
بایدن هەفتەی رابردوو، ئاماژەی بەوە دابوو کە هێشتا نرخی بەنزین لەو وڵاتە زۆر بەرزە و راگەیەندراوی نوێیان دەبێت سەبارەت بەم بابەتە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە مانگی ئاداردا، رێگەی دابوو بۆ ماوەی شەش مانگ، رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت و کۆی گشتی ١٨٠ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیجییەوە بخرێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی یارمەتی دابەزاندنی نرخی بەنزین لە سەرتاسەری وڵاتدا بدات.