Hakan Çopur,Michael Hernandez
01 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2018
واشنتۆن - AA
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی'' حەوت هەزار سووریی کە لەو وڵاتە دەژین وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ٣١ی ئازاری داهاتوو بەدواوە داواکاریی نوێ لەچوارچێوەی هەمان دۆخدا وەرناگیرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە، دۆخی حەوت هەزار کەسی سووریی کە لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان هەڵاتوون و لە ئەمریکا بە یاسایی لە ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی'' سوودمەندبوون، دۆخیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە دۆخی ئەو سوورییانە تاوەکو مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩ وەک خۆی دەمێنێتەوە و دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەش جارێکی دیکە هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێتەوە. بەوشێوەیەش سووریا بووە دوایین وڵات کە هاووڵاتییانی ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی''یان بۆ درێژکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستێکی وەزارەتەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکردووە لە رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠١٨ەوە هیچ داواکارییەک لەژێر ناوی ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی''دا وەرناگرن.
کاربەدەستەکە باسی لەوەشکردووە وەرگرتنی پەنابەران لە سووریاوە جگە لە شێوازی ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی'' بە رێگەکانی دیکە درێژەی دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەدوای دەستبەکاربوونی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا، ئاماژەی بەوەکردبوو دۆخی نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس کە لە ئەمریکا لە ''دۆخی پارێزگاریی لێکردنی کاتیی''دا ژیان دەگوزەرێنن، چاوی پیادا دەخشێنرێتەوە.