Hakan Çopur, Zahir Sofuoğlu
06 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2026
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ھیچ کێشەیەک لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا نییە و کێشەی ڕاستەقینە لە حیزبوڵڵایە.
مارکۆ ڕۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە لەبارەی پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە وڵاتەکەی ھەوڵدەدات لە میانی نزیککردنەوەی نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و حکوومەتی لوبنان، پرسەکان چارەسەر بکات.
گوتیشی: "ئیسرائیل داوای ھیچ مافێک ناکات لەسەر خاکی لوبنان و حیزبوڵڵای لوبنان کە ئێران پاڵپشتی دەکات ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی لوبنان و ئیسرائیل دروست دەکات".
مارکۆ ڕۆبیۆ سەبارەت بە دۆسیەی گەرووی ھورمز ڕایگەیاند کە داخستنی گەرووی ھورمز، لەلایەن ئێرانەوە کردەیەکی "چەتەگەراییە" قبوڵکراو نییە، ھەروەھا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد، وڵاتەکەی "پڕۆژەی ئازادی" ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەوەی ٢٣ ھەزار کەسی مەدەنی ٨٧ وڵات کە بەھۆی داخستنی گەرووی ھورمز لەلایەن ئێرانەوە گیریانخواردووە، ڕزگار بکات.
باسی لەوەش کرد، دەیان وڵات کە بەشداری شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان نەکردووە، داوای یارمەتییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ڕزگارکردنی کەشتییە بازرگانییەکانیان کە لە گەرووی ھورمزدا گیریانخواردووە، ئەمەش وای لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد پڕۆژەی ئازادی لە گەرووکە ڕابگەیەنێت و گوتی: "ئەمریکا ھەوڵدەدات ڕێڕەوێکی ئارام لە گەرووی ھورمز بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پەرینەوەی کەشتییە بازرگانییەکان دابمەزرێنێت".
گوتیشی: "ئەگەر لە گەرووی ھورمز تەقە لە کەشتییە بارزگانییەکان نەکرێن و ئێمە نەکرێین بە ئامانج ئەوا تەقە ناکەین بەڵام ئەگەر ھێرشمان بکرێتە سەر ئەوا بە توندی وەڵام دەدەینەوە".