Raşa Evrensel
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2022
واشنتۆن ــ AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رەزامەندی نیشان دا لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی بە بەھای ١٦٥ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئۆکراینا بفرۆشێت.
ئەمەیش دوای ئەوە هات کە دوێنێ دووشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی کۆبوونەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، کۆنگرێسی ئەمریکا لەو گرێیەستە ئاگادارکرایەوە کە گولـلە تۆپی عەیار ٥٢ ملیمەتر و ١٥٢ ملیمەتر، گولـلە ھاوەنی ١٢٠ ملیمەتر، ھەروەھا نارنجنۆک و چەکی جۆری "2Sl Gvozdika" دەگرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی ھاریکاریی ئاسایش و بەرگریی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گرێبەستەکە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستیش بە ئۆکراینا، دەگرێتەوە.
پڕۆسەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنیی بە ئۆکراینا لەلایەن کۆنگریسەوە پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت، چونکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن روونکردنەوەیەکی ورد و تێروتەسەلی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو و رایگەیاند، پێویستە چەک و تەقەمەنیی بەرگریی بە ئۆکراینا بفرۆشن کە ئەو ھەنگاوەیش لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دایە.
ئاژانسەکە راشیگەیاندووە "پڕۆسەی فرۆشتنی چەک بە ئۆکراینا، پاڵپشتیی دەکات لە سیاستی دەرەکی و ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەیش لە میانی باشکردنی ئاسایشی دەوڵەتیی ھاوبەش کە ھێزی سەقامگیری سیاسی و پێشکەوتنی ئابوورییە لە ئەورووپا".