Islam Doğru
01 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2020
نیویۆرك - AA
تایمز سکوێر بەناوبانگترین مەیدانی تایبەت بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵە لە ئەمریکا، ئەمساڵیش بە بەشداری سەدان هەزار کەس ئاهەنگێکی جەماوەری تیایدا سازکرا و چەند هونەرمەندێکیش کۆنسێرتیان پێشکەش کرد.
هێزە ئەمنییەکانیش رێوشوێنی توندیان لە مەیدانەکە و دەورووبەری گرتبووەبەر و هەزاران پۆلیس بە جلی پۆلیس و جلی مەدەنییەوە لە ئەرکدابوون.
چەند ئۆتۆمبێلیکی فریاگوزاری خێراش لە مەیدانەکە ئامادەبوون.

ئەمە جگە لە بەکارهێنانی زیاتر له هەزار کامێرای چاودێری، هەلیکۆپتەری پۆلیس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردنی تایمز سکوێر.
شایەنی باسە ناونشانی ئاهەنگەکانی ئەمساڵی مەیدانەکە "گۆڕانی کەشوهەوا" بوو.
لە کاتژمێر 11:59 لەلایەن سەرۆك شارەوانی نیویۆرک و دەستەیەکی هەڵبژێردراو لە مامۆستایان و قوتابیان تۆپێکی کریستاڵی زەبەلاحیان داگیرساند کە بە وزەیەکی کەم کاریدەکرد و بە 60 چرکە دەگەیشتە سەر زەوی.
لەپاڵ ئامادەبووان لە تایمز سکوێر، نزیکەی یەک ملیارێ کەسیش لەڕێی کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بینەری ئاهەنگەکانی تایمز سکوێر بوون.
