Kasım İleri,Zana Natık Kerem
11 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2019
واشنتۆن ــ AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند كە مەشق و راهێنانی سەربازی بە قوتابییەکانی سعوودیە لە بنكەی پێنساكۆلا لە ویلایەتی فلۆریدا هەڵپەساردووە، دوای ئەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر هێرشێكی چەكداری لە لایەن ئەفسەرێكی سعوودی-یەوە لە بنكەكەدا ئەنجامدرا و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریكا كوژران.
جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا، دەیڤید نۆركویست لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وانەكانی سەربازی پراكتیی بۆ قوتابییەكانی سعوودییە هەڵپەسێردراون و لەمەودا تەنها لە ورزەكانی خوێندندا درێژەبە وانەكانی تیۆری دەدەن، تا ئەو كاتەی وردبینەکان بە رێوشوێنە ئەمنییەكان تەواو دەبن.
چەند رۆژژێك لەمەوبەر ئەفسەر لە هێزی ئاسمانی سعوودیە، محەمەد شەممەرانی هێرشێكی چەكداری لەناو هۆڵی مەشق و راهێنانی بنكەی پێنساكۆلا ئەنجامدابوو كە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریكا كوژران و هەشتی دیكەیش برینداربوون دواتر ناوبراو لە لایەن پۆلیسەوە كوژرا.
بەهۆی ئەو هێرشەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا فەرمانیدا وردبینی ئەمنی بكات بەرامبەر قوتابییە بیانییەكان كە لەناو بنكە سەربازییەكانی ئەمریكادا، مەشق و راهێنان پێ دەكرێت.
هاوكات بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرایكردووە كە مەشق و راهێنانی سەربازی بە قوتابییەكانی سعوودیە دوای تەواوبوونی وردبینیە ئەمنییەكان لەو سەربازییە بیانییانەی كە لەئێستادا لە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكادا مەشق و راهێنانیان پێ دەكرێت، دەست پێ دەكاتەوە.
بەرپرسێكی دیكە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، فەرمانەكەی دەیڤید نۆركویست بۆ وردبینی لە رێوشوێنە ئەمنییەكان ماوەی پێنج تا ١٠ رۆژ دەخایەنێت.
ئاماژە بەوە دەكرێت كە هێزە سەربازییەكان لە سەرانسەری جیهان بەشداری دەكەن لە مەشق و راهێنانی فڕۆكەوانی لە بنكەی پێنساكۆلا لە ویلایەتی فلۆریدا كە تایبەتە بە هێزی دەریاوانیی ئەمریكا كە ١٦ هەزار سەرباز و حەوت هەزار و ٤٠٠ مەدەنی تیایدا خزمەت دەكەن.