Abdullah Shukur
22 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
جێگری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و ژەنەڕاڵی خانەنشینکراو، مارک کمیت رایگەیاند کە تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش، دۆناڵد ترەمپی لەبارەی سووریا قایلکردووە بەوەی کە دەبێت لە گشت پلانەکانی ئەمریکا لەبارەی سووریا، پەیوەندی دوور مەودا لەگەڵ تورکیا لەبەرچاو بگیرێت.
مارک کمیت راشیگەیاندووە کە تورکیا خاوەنی گەورەترین سوپای ئەورووپا و ناتۆیە و ھەربۆیە گرنگی زۆری بۆ واشنتۆن ھەیە.
ناوبراو ئاشکراشی کردووە کە بڕیاری ترەمپ بە کشاندنەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە سووریا، "ھەنگاوێکی لەجێ بووە بەمەبەستی پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە".
کیمیت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە، رایگەیاند "وابزانم، سەرکۆمار ئەردۆغان، لەبارەی گشت پلانەکانی پەیوەندیدار بە سووریا، ترەمپ-ی قایل کردووە بەوەی کە دەبێت پەیوەندی دوور مەودا لەگەڵ تورکیا لەبەرچاو بگیرێت".
جێگری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و ژەنەڕاڵی خانەنشینکراو، مارک کمیت ئەوەیشی خستەڕوو کە لە دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ رێگەی بە ئەمریکا نەدا لە خاکی خۆی بەرەو عێراق بچێت، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بارگرژی تێکەوتبوو، ھاوکات پشتیوانی واشنتۆن لە فەتۆ و یەپەگەش کاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندیانە دروست کردووە.
کیمیت گوتیشی: "(تورکەکان) لە زۆر شەڕ و پێکدادان ھاوشانی ئێمە شەڕیان کرد. پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بە بەراوورد لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، زۆر گرنگترە. پێموایە بڕیاری ترەمپ لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا زۆر زیرەکانەیە. تورکیا بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە. ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ دووبارە بەدەستھێنانەوەی تورکیا".
کیمیت راشیگەیاند کە خۆشیان قبوڵی ئەوە دەکەن کە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە لە باکووری سووریا پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ھەیە و جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتیوانی ئەمریکا لەم رێکخراوە کاتی و تاکتیکی بووە.
کیمیت ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە "یەپەگە بە راستەخۆ پەیوەندی بە پەکەکەوە ھەیە".