Heman Hussein Yaseen Yaseen
29 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2019
هەولێر - AA
ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپی خانکێ داوا دەکەن، رەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ناوچەکە رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و رەوشی ئێستای شنگال بە مەترسی دەزانن بۆسەر ژیانیان.
موختار لە کەمپی خانکێ، سلێمان عیدۆ قاسم کە دوای پەلاماردانی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعش، ئاوارەی کەمپەکە بووە رایگەیاند کە ئەگەر دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام بوونی ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە شنگال، وایکردووە کە ئاوارەکانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکەیان.
سلێمان عیدۆ قاسم لەبارەی ژمارە و رەوشی ئاوارەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی پێنج ساڵە، دوای پەلاماردانی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەنامان بۆ ئەم کەمپە بردووە کە ژمارەی خێزانەکانی کەمپەکە ١٠ هەزار و ٨٣٥ خێزانە و سەرجەم دانیشتووانی دەگاتە ١٦ هەزار و ٣٣٥ کەس کە سەرجەممان ئێزدیین و خەڵکی شنگالین".
لەبارەی مانەوەیان لە کەمپەکە و کێشە و گرفتەکانی بەردەم گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، سلێمان عیدۆ قاسم گوتی: "ئێمە کاتێک ببینین ئاسایش و سەقامگیری لە شنگال بەرقەرار بێت، ئەوا دەگەڕێینەوە ناوچەکەمان، بەڵام بوونی ئەم هەموو هێزە جۆراوجۆرە لە شنگال بووەتە گرفت لەبەردەم گەڕانەوەمان، بۆیە ئێمە داواکارین کە دۆخی شنگال بگەڕێتەوە پێش ساڵی ٢٠١٤ و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکە بن و ئێمەش بتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان".
سەبارەت بە ئاماری لەدایکبوون و مردووان لە میانی پێنج ساڵی رابردوو، سلێمان عیدۆ قاسم گوتی: "لە سەرەتای هاتنمان بۆ کەمپە تا ئێستا، نزیکەی ٦٠ کەس کۆچی دواییان کردووە کە زۆربەیان بە هۆی تەمەنەوە بووە، هاوکات لەم ماوەیەشدا نزیکەی هەزار و ٧٠٠ منداڵ لەدایک بوون".
کەمپی خانکێ لە ١٣ ناوچە پێکدێت و کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای شاری دھۆک و نزیکەی ١٧ ھەزار ئاوارەی ئێزدی لەخۆگرتووە و نەخۆشخانە و قوتابخانەی تیادا دروستکراوە.