Sarmand Hameed
11 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند، بەرپرسیارییەتی دۆسیەی ئەمنی لە شنگال بە تەنها لەدەست پۆلیسی خۆجێی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری دەبێت و هەر لێدوانێکی پێچەوانەی ئەمە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بەهای ئەو دەستکەوتە بەدیهاتووەیە.
ئەحمەد موللا تەڵال لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی"بەرپرسیارییەتی دۆسیەی ئەمنی لە شنگال بە تەنها لەدەست پۆلیسی خۆجێی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری دەبێت".
ئەحمەد موللا تەڵال لەبارەی رۆڵی خەڵکی شنگال لە پێکهاتەی ئەمنی لە شارۆچکەکە رایگەیاندووە کە: "خەڵکی شنگال سەری رمی ئەم پێکهاتە ئەمنییە دەبن".
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر لێدوانێکی پێچەوانەی ئەمە، ئامانج لێی تێکەڵکردنی پەراوەکان و کەمکردنەوەی بەهای ئەم دەستکەوتە بەدەیهاتووەیە.
دوێنی ھەینی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاستخارت، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی باردۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە لە نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکرا.
ئەمڕۆش حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەمنی و ئیداری شنگال بڵاوکردەوە کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی دۆسیەی ئەمنی شارەکە دەکات و کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و ھەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندییان بەو رێکخراوەوە ھەیە دەھێنرێت.
ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە تەوەرەکانی کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە لەخۆدەگرێت و بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.