30 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2020
مه‌درید - AA
لە ئیسپانیا له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٢٦٨ کەسی دیكه به‌هۆی توشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوە، كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان به‌و ڤایرۆسه له‌و وڵاته گه‌یشته، ٢٤ هەزار و ٥٤٣ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا له راگه‌یه‌نراوێكدا دوایین ئاماری سه‌باره‌ت به په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
دوێنێ له ئیسپانیا ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان به په‌تاكه ٣٢٥ بوو، ئه‌مڕۆ دابه‌زیوه بۆ ٢٦٨ حه‌ڵه‌ت. به‌پێی ئاماره‌كان له ١٩ی ئاداره‌وه تا ئێستا ئه‌وه نزمترین ئاماری گیانله‌ده‌ستدانه به‌و ڤایرۆسه له‌و وڵاته‌دا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه كۆی گشتیی ئه‌و كه‌سانه‌ی تا ئێستا به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٢٤ هه‌زار و ٥٤٣ كه‌س.
به‌پێی پشكنینه‌كانی PCR، تێكڕای ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٨١٦ حاڵه‌ت زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته، ٢١٣ هه‌زار و ٤٣٥ حاڵه‌ت.
ئه‌وه‌ی بووه‌ته جێی سه‌رنج كه ئه‌و ئاماره له ١٤ی ئاداره‌وه تا ئێستا، كه‌مترین به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی توشبوونه به په‌تاكه تا ئێستا له ئیسپانیا تۆماركرابێت.
هه‌روه‌ها له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، سێ هه‌زار و ١٠٣ تووشبووی دیكه‌ی په‌تاكه چاكبوونه‌ته‌وه، به‌وه‌یش ژماره‌ی چاكبووان گه‌یشتووه‌ته ١١٢ هه‌زار و ٥٠ كه‌س.
له مەدریدی پایتەخت كه په‌تاكه زۆرترین كاریگه‌ریی هه‌یه، ئاماری گیانله‌ده‌ستدان تیایدا گه‌یشتووه‌ته، هه‌شت هه‌زار و ١٧٦ كه‌س و ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوونیش گه‌یشتووه‌ته، ٦١ هه‌زار و ١٧١ حاڵه‌ت.
له چوارچێوه‌ی رێوشوێنه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، باری نائاسایی له ئیسپانیا كه تا نۆی ئایار به‌رده‌وام ده‌بێت، پێشبینی ده‌كرێت تا ٢٤ی ئایار درێژبكرێته‌وه.
ئیسپانیا له چواری ئایاره‌وه قۆناغ به قۆناغ ده‌ست ده‌كات به ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.