Hamdi Yıldız
24 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2020
فەڵەستین - AA
ئیسرائیل داوای کرد ئیمارات بەشداری بکات لە کۆڕبەندی غازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
وەزیری وزەی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ''داواکاریمان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ئیمارات بەشداری بکات لە کۆڕبەندەکەدا. وڵاتانی ئەندام گوتیان کە لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن''.
دوێنێ چوارشەممە شتاینتس لەگەڵ وەزیری وزەی ئیمارات، سوهەیل بن محەمەد ئەلمەزروی-دا باسی لە تواناکانی هاریکاری لەبارەی گواستنەوەی غاز کرد بۆ ئەورووپا.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، لە هەواڵێکیدا سەبارەت بە گفتوگۆکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وەزیر تاوتوێی بابەتەکانی بەهێزکردنی هاریکاریی لە بواری وزە و ژێرخانیدا بەتایبەتی نەوت، غاز و بواری وزەی نوێبوونەوە.
هەروەها وەزارەتی نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی میسر، رایگەیاندووە کە کۆڕبەندی غازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە بەشداری شەش وڵات بووەتە رێکخراوێکی ناوچەیی.
بە میوانداری میسر و بە بەشداری وەزیرانی وزەی یۆنان، حکوومەتی رۆمی قوبرسی باشوور، ئیسرائیل، میسر، ئیتاڵیا و ئوردن، لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا، کۆڕبەندی غازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دامەزرا.
دووەم کۆبوونەوەی کۆڕبەندەکە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا سازکرا و، رێککەوتنکرا لەسەر دامەزراوەیی کردنی کۆڕبەندەکە لەسەر بناغەی ''ئاسایشی وزە لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی دەوڵەتانی ئەندام''.