Ethem Emre Özcan
22 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2022
ئیدلب- AA
فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا بۆردومانی گوندەکانی یەعقوبییە و جودەیدەی لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای ئیدلب کرد و لە ئاکامیدا حەوت هاووڵاتیی مەدەنی کوژران کە پێنجیان منداڵ بوون.
بەگوێرەی خانەی چاودێری فڕۆکەوانی سەربە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا کە لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە پارێزگای لازقییەوە فڕی بوو، بۆردومانی گوندەکانی یەعقوبیە و جودەیدە سەربە پارێزگای ئیدلبی کردووە کە دوو گوندی تایبەت بە هاووڵاتییە مەسیحییەکانن.
هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەشی لە بەرپرسانی بەرگریی شارستانی ئیدلب (کڵاو سپییەکان)، وەرگیراون، لە هێرشەکەدا حەوت هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە پێنجیان منداڵ بوون و ١٣ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
لەو دوو گوندە لەپاڵ هاووڵاتییە مەسیحییەکاندا ژمارەیەک ئاوارەی پارێزگاکانی دیکە هەن، سەرجەم ئەو کەسانەشی کە لە پەلامارەکەدا گیانیان لەدەستداوە خەڵکی پارێزگای حەمما بوون کە بەهۆی پەلامارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانییەوە، ئاوارەی ئیدلب ببوون.

- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧دا بە بەشداریی تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونێتره).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژۆ کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠٢٠دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد. ئاگربەستەکە کە لەلایەن ھێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.
