Mahmut Geldi
22 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2022
ئەستانبوڵ-AA
سعوودیە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە رۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەمووز کرایە سەر هاوینەهەوارێک لە گوندێکی سەربە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و لە ئاکامیدا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "سعوودیە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە بۆسەر کۆماری عێراقی دراوسێمان ئەنجامدرا و پارێزگای دهۆکی کردە ئامانج".
- تورکیایش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد
دوای ئەنجامدانی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەمووز بۆسەر هاوینەهەوارێک لە گوندێکی سەربە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، وەزارەتی دەرەوەی تورکیایش لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تورکیا لە دژی هەر جۆرە هێرشێکە هاووڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج بگرێت و تیایدا هاتووە "لهڕێگهی ئهم جۆره هێرشانهوه كه مرۆڤگهلی بێتاوان دهكهنه ئامانج و وا لێكدهدرێتهوه كه لهلایەن رێکخراوی تیرۆریستییهوه سهرچاوهیان گرتبێت، ههڵوێستی رهوا و مكوڕی وڵاتهكهمان له بهرهنگاربوونهوهی تیرۆردا به ئامانج گیراوه".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها داوای لە كاربهدهستانی حكوومهتی عێراقیش کرد کە لهژێر كاریگهریی دەنگۆ و پڕوپاگهندهی رێكخراوی تیرۆریستی لێدوان نهدهن.
لای خۆیشیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند "سەرەتا داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو نۆ خوشک و برایەمان لە خوا دەکەم کە کۆچی دواییان کرد. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم، گوتووشمانە ئەگەر پێویست بکات بریندارەکان دەهێنینە تورکیا. لەبارەی ئەم هێرشەوە تورکیا تۆمەتبار کرا، ئێمەیش بە راگەیەندراو بە راشکاوی ئەوەمان رەت کردەوە. هەموو جیهان دەزانێت تورکیا هەرگیز ئۆپەراسیۆنی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەداوە. بە رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئێمە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوای ئەو هەواڵە کە بڵاو کرایەوە، راستەخۆ کەوتینە پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان، ئاڵوگۆڕی زانیاریمان کرد و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سوپای تورکیاوە بەدەستمان گەیشتوون، هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام نەدراوە".
لە ئاکامی ئەو هێرشەی کە رۆژی چوارشەممە کرایە هاوینەهەوارێک لە گوندێکی سەربە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک نۆ کەس گیانیان لەدەست دا و ٢٦ کەسی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان عەرەب بوون و لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە وەک گەشتیار هاتبوونە ناوچەکە.