Ömer Faruk Yıldız
22 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
جنێڤ- AA
بەڕێوبەری لقی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، د. هانس کلوگ، لە بارەی ئەو شەپۆلی گەرمایەی لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەورووپای گرتووەتەوە، رایگەیاند: "ئەو گەرمایەی رووی لە ئەورووپا کردووە پەیوەندی بە هاتنی رۆژی دواییەوە هەیە".
کلوگ لە راگەیەندراوێکدا، باسی لەو حاڵەتی گیان لەدەستدانانە کردووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە ئەورووپا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە تۆمار کراون.
ناوبراو تیشکیشی خستووەتە سەر گرنگی ئامادەکردنی پلانێکی هاوبەش لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو شەپۆلی گەرمایەی کیشوەرەکەی گرتووەتەوە، رایگەیاندووە: "ئەو قەیرانەی ئێستا، هەڕەشە لە تەندروستی گشتیی و مانەوەی مرۆڤ دەکات".
هانس کلوگ دەربارەی شەپۆلی گەرماکەیش ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم گەرمایە هاوشێوەی نەبینراوە، زۆر تۆقێنەرە و پەیوەندی بە هاتنی رۆژی دواییەوە هەیە. پێویستە حکوومەتەکانی ئەورووپا واز لە لێدوانە پووچەکانیان بهێنن و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە رێککەوتننامەی پاریسدا باسکراوە، ئیرادەی سیاسیی خۆیان بخەنەڕوو".
کلوگ ئاماژەشی بە پێشنیازەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پاراستنی تەندروستی گشتیی کردووە و رایگەیاندووە: "جەستەتان بە شێداری بهێڵنەوە و ئاو زۆر بخۆنەوە، پۆشاکی گەورە و تەنک بپۆشن. بە ئاوی سارد خۆتان بشۆن و خۆتان لە خواردنەوە کحوولییەکان، کافاین و ئەو خواردنەوانەی شەکریان تێدایە، بەدوور بگرن".
بەڕێوبەری لقی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستی جیهانیی باسی لەوەش کردوە کە ئەو کەسانەی هەوای گەرم لێیان دەدات پێویستە رۆژانە دوو بۆ سێ کاتژمێر لە شوێنی فێنکدا بمێننەوە.
جێی ئاماژەیە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی (WHO) ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە ئیسپانیا و پرتوگال، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.