Azad Mohammed Abdullah
17 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2018
دهۆک - AA
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "دروستکردنى یەکەکانى سەر سنوور لە سووریا لە لایەن ئەمریکا کە لە چەکدارانى هەسەدە و پەیەدە پێکدێت، بەربەست دەبێت لەبەردەم لووتکەى سۆچى و دانوستانەکانى جنێڤ".
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمریکا دەیەوێت سوپا یان هێزێکى ٣٠ هەزار کەسى بە ناوى "هێزی ئاسایشی سنوور" لە گرووپی چەکدارى هەسەدە دروست بکات، کە پەیەدە/پەکەکە سەرپەرشتییان دەکات و بەڕێوەیان دەبات. ئەمەیش رق و کینە لە نێوان عەرەب و کورد لە سووریا دروست دەکات".
گوتیشى: "درێژى سنوورى نێوان سووریا و تورکیا ٨٢٠ هەزار کیلۆمەتر زیاترە، لەو سنوورە درێژەدا نیوەی لەژێر دەسەڵاتى هەسەدە/پەیەدە-دایە. لە سەرتاسەرى رووبارى فورات هیچ کوردێک نییە، ئەمەیش دەبێتە هۆى ناکۆکى لە نێوان پێکهاتەکانى سووریا و کورد وەک داگیرکار مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، لەکاتێکدا پەیەدە ناتوانێت شار و گوندە کوردییەکانى باکوورى سووریا بپارێزێت و ئارامى بەرجەستە بکات".
ئیبراهیم برۆ سیاسەتەکانى پەیەدە بە چەوت وەسف دەکات و دەڵێت "پێویستە هەرچى زووە پەیەدە بەخۆداچوونەوەیەکى ریشەیی بکات، ئەگەر لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بن، چارەنووسى کورد لە سووریا باش نابێت".
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دەشڵێت "دروستکردنى یەکەکانى سەر سنوور لە سووریا لە لایەن ئەمریکا کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر دانوستانەکانی جنێڤ و بەربەستیش لەبەردەم کۆنگرەى سۆچى دروست دەکات".
دەشڵێت "ئەمریکا پێى راگەیاندین کە نایانەوێت پەیەدە لە رووسیا نزیک بێت، دواى نزیکبوونەوەیان لە ئەمریکا چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزینەوە، هەر ئەوکات ئێمە بە ئەمریکامان گوت پەیەدە هەر شێرپەنجەى پەکەکەیە و وا بە ئاسانى چارەسەر ناکرێت، بەڵام ئەمریکا بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە پەیەدە لە پەکەکە جیادەکاتەوە و لە ئێران و رووسیای دوور دەخاتەوە، لە بەرامبەریشدا لێکنزیکبوونەوەیەک دەخاتە نێوان پەیەدە، ئەمریکا، تورکیا و هەرێمى کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوەى ئێستا روودەدات هەموو پێچەوانەى روونکردنەوەکانى ئەمریکایە و هیچ خزمەتێکیش بە ناوچە کوردییەکانى سووریا نەکراوە".