Ramal Mahm
24 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما وەک سەرۆک بۆ دواهەمین جار رۆژێک بەر لە جەژنی سوپاسگوزاری لە گیانی دوو قەل خۆش بوو.
ئەم جەژنە کە هەموو ساڵێک لە کۆشکی سپی بەرز رادەگیرێت، ئۆباما لەگەڵ هەردوو کچەکەی مالیا و ساشا بەشداری تیادا دەکرد، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ ئەوستین و ئارۆن رۆبینسۆنی برازای بەشداری تیادا کرد. ئۆباما ئاماژەی بەوە دا کە لە چەند ساڵی رابردوودا لەیادکردنەوەی ئەم جەژنەدا ئەوەندە گاڵتەی بە کچەکانی کردووە لەبارەی قەلەوە تاکو شەرم دایگرتوون و گوتی: "ئەمساڵ پێیان نەکرا بەشداری بکەن لەگەڵمان. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە نەیانویست زیاتر بەشدار بن لەگەڵ گاڵتەکانم".
ئۆباما ئەوەی خستە روو کە بەخت یاوەریەتی لەوەی ئەم بۆنەیە لەگەڵ خۆشەویستانی یاد دەکاتەوە، سوپاسی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەیشی کرد کە لەماوەی سەرۆکایەتی کردنیدا پشتگیرییان کردووە و گوتی: "لە جەژنی سوپاسگوزاریدا خۆم بە قەرزاری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانە دەزانم کە بەدرێژایی ماوەی هەشت ساڵ متمانەیان بە من دا و بەڕێزەوە لەگەڵ خێزانەکەم مامەڵەیان کرد".
ئۆباما لەدوای پێشکەشکردنی گوتەکەی، گیانی دوو قەلی بە ناوەکانی "تاتەر"، "تۆت" کە کێشی هەر یەکێکیان ١٨ کیلۆگرام بوو بەخشی و هەردووکیان لە ویلایەتی لۆوا گەورەکرابوون. دواتر قەلەکان بۆ کێڵگەیەک لە ویلایەتی ڤیرجینیا گوێزرانەوە.
دوا پێنجشەممەی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمریکا بەرز رادەگیرێت.
کولتوری بەخشینی قەل لە کۆشکی سپی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک جۆن کێنیدی (١٩٦١- ١٩٦٣).