Muhammed Bilal Kenasari
13 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2018
واشنتۆن - AA
ئیداره‌ی ئه‌مریکا داوای ته‌رخانکردنی 39 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری له پرۆژه یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2019دا بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ناسراو به USAID له کۆنگرێس کردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا پرۆژه یاسای ساڵی دارایی 2019ی که په‌یوه‌ست به خه‌رجییه ناوخۆ و ده‌ره‌کییه‌کان ئاماده‌کراوه، بڵاوکرده‌وه.
له‌و پرۆژه‌یه‌دا که پێشکه‌شی کۆنگرێس کراوه و تایبه‌ته به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ئاماژه به‌وه‌کراوه که بڕی پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشه. ئه‌و پاره‌یه‌ش جگه له سووریا و عێراق له وڵاتانی هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستانیش که رێکخراوه‌که چالاکییان تیادا ئه‌نجامده‌دات، خه‌رجده‌کرێت.
باس له‌وه‌شکراوه سێ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار له‌و بوودجه‌یه ره‌وانه‌ی ئیسرائیل ده‌کرێت که له چوارچێوه‌ی ''پرۆگرامی پشتیوانیی سوپای بیانی بۆ ئیسرائیل''دا جێگه‌ی کراوه‌ته‌وه. له پاڵ ئه‌مه‌شدا یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار ده‌درێته ئوردن له پێناو پشتیوانییکردنی ئه‌و وڵاته له رووی ئابووریی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه.
تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش که له‌و بوودجه‌یه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه داواکراوه، بڕی 127 ملیۆن دۆلاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌ره‌پێدانی چه‌ک له لایه‌ن وڵاتانی هاوشێوه‌ی ئێران و کۆریای باکووره‌وه، به‌کارده‌هێنرێت.
پڕۆژه‌یاسای بوودجه چه‌ندین هه‌مواری له‌باره‌ی ئاسایشی سنووره‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌و هاوكارییانه‌ی ده‌درێت به‌و وڵاتانه‌ی له پێشكه‌وتندان له‌خۆده‌گرێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، رێكس تیله‌رسن روونكردنه‌وه‌یه‌كی نووسراوی له‌باره‌ی ئه‌و بوودجه‌ی داواكراوه بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، رێکس تیله‌رسن ئاماژه‌ی به‌و به‌شه بوودجهیە داوه كه به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داواكراوه و نووسیویه‌تی: "بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی جیهانی، ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و سه‌قامگیری، نوێكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و ئاژانسی بوژانه‌وه‌ی ئه‌مریكا USAID، داواكاری پێشكه‌شكراوه".
بڕیاره ئه‌و پڕۆژهیاسایە له مانگی ئازاردا پێشكه‌شی كۆنگرێسی ئه‌مریكا بكرێت و دوای گفتوگۆی نێوان حكوومه‌ت و كۆنگرێس، بوودجه‌ی به‌رگریی ساڵی 2019 دیاریده‌كرێت.
دوای ئەوەی ده‌سه‌ڵاتی وەرگرت، تره‌مپ به‌شه بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مكرده‌وه. له‌به‌رئه‌وه له بوودجه‌ی 2018دا له‌چاو بوودجه‌ی 2017، به‌ڕێژه‌ی لەسه‌دا 39 كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی.