ئاماژه‌ی ئه‌مریكا بۆ په‌رده‌پۆشكردنی كوشتنی خاشقجی
- راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی، جۆن بۆڵتن باسی له‌وه كرد كه تۆماره‌كان له‌باره‌ی كوژرانی رۆژنامه‌نووسی سعوودی، جه‌مال خاشقجی ئاماژه به‌وه ناكه‌ن شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان تێوه‌گلابێت.
Ankara
واشنتۆن - AA
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی، جۆن بۆڵتن باسی له‌وه كرد كه تۆماره‌كان له‌باره‌ی كوژرانی رۆژنامه‌نووسی سعوودی، جه‌مال خاشقجی ئاماژه به‌وه ناكه‌ن شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان تێوه‌گلابێت.
بۆڵتن كه به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له سیوسیێه‌مین لووتكه‌ی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌كانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا (ASEAN) سه‌ردانی سینگاپووری كردووه، له‌وێ بۆ رۆژنامه‌نووسان دوا و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئه‌وانه‌ی گوێیان له تۆماره ده‌نگییه‌كان گرتووه و نه‌گه‌یشتوون به‌و ئه‌نجامه‌ی کە شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه له‌و كاره‌دا بێت.
جۆن بۆڵتن باسی له‌وه كرد كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ خوازیاری زانینی راستییه‌كانه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له دووی تشرینی یه‌كه‌مدا كه خاشقجی كوژرا له كۆنسولخانه‌ی گشتیی سعوودیه له ئیستانبوڵ چی روویداوه و گوتی: "خۆم گوێم له تۆماره‌كه نه‌گرتووه، به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبووه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تاوانه‌كه نابه‌ستنه‌وه به شازاده‌ی جێنشینه‌وه".
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ١٠ی ئه‌م مانگه رایگه‌یاندبوو تۆماره‌كان، گوته‌كان له‌باره‌ی كوشتنی خاشقجی-یه‌وه ده‌خاته به‌ر گوێی لایه‌نی سعوودیه، ئه‌مریكا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بانگه‌شه‌ی ئه‌وه كردووه یه‌كێك له‌و ١٥ كه‌سه‌ی به مه‌به‌ستی كوشتنی خاشقجی چووه‌ته توركیا ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌جۆرێك كه مه‌به‌ستی شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان بووه گوتوویه‌تی: "به خاوه‌نكارمان بڵێن پیاوه‌كان كاره‌كه‌یان ته‌واوكرد".