Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2018
دۆحە ــ AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جێمس ماتیس رایگەیاند، ستایشی ئەو رۆڵەی قەتەر دەکەن کە بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێرێت.
جێمس ماتیس لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لەگەڵ وەزیری بەرگریی قەتەر، خالید بن محەمەد عەتییە کۆبوویەوە.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر راگەیەندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جێمس ماتیس و خالید بن محەمەد عەتییە گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک پرسی ھاوبەش کە جێگەی بایەخ و گرنگی ھەردوو وڵات بوون لەگەڵ چۆنییەتی پتەوترکردن و پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و قەتەر کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵوەستەکراوە لەسەر ئەو رەوشەی کە ئێستا ناوچەکە پیایدا تێپەڕدەبێت لەگەڵ قەیرانەکانی کەنداو، یەمەن و ئەفغانستان.
ھاوکات کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بە پرسی ھاوبەشی ئەمنی ستراتیجی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر داوە و جەختی کردووەتەوە کە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە ھاوکاری ئەمنی لەگەڵ دۆحە و گوتوویەتی:
"قەتەر وڵاتێکی دۆست و ھاوبەشی سەربازیی ئێمەیە و ستایشی ئەو رۆڵەی دەکەین کە بۆ دیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیگێرێت، ئەمە جگە لەوەی قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە ئەرکەکانی ناتۆ دەکات لە ئەفغانستان".
ھەروەھا جێمس ماتیس سوپاسی رۆڵی قەتەری کردووە بەرامبەر پشتیوانییکردنی لە ئاشتی، سەقامگیری و ئاشتەوایی لە ئەفغانستان، ھەروەھا ئەو میواندارییەی کە لە ھێزەکانی ئاسمانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی عودەید کردوویەتی و رایگەیاندووە، ئەم بنکەیە، بە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لەگەڵ ١٥ وڵات دادەنرێت بە ئامانجی بەھێزکردنی ئاسایشی ھەرێمیی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی.
ھێزی ئاسمانی ئەمریکا لە بنکەی عودەید لە قەتەر جێگیرن کە یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەی کەنداو.