Serdar Bıtmez
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2020
دۆحە ــ AA
زانكۆی قەتەر سەربە حكوومەت رایگەیاند كە وەك وڵامدانەوەیەك لەسەر دووبارە بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرێكی سووكایەتیكردن لەسەر پێغەمبەری ئیسلام لە لایەن گۆڤاری تەنزی فەڕەنسی، شارلی ئێبدۆ-وە ، چالاكییەكانی هەفتەی رۆشنبیری فەڕەنسی لە قەتەر دواخستووە.
زانكۆی قەتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "وەك وڵامدانەوەیەك لە پێشهاتەكانی ئەم دواییە پەیوەست بە سووكایەتیكردنی بە مەبەست بە پێغەمبەری ئیسلام، بە بڕیاری كارگێری زانكۆی قەتەر، چالاكییەكانی هەفتەی رۆشنبیری فەڕەنسی لە قەتەر تا كاتێكی نادیار دواخراوە".
لە تویتەكەدا ئەوەیش نووسراوە: "كارگێڕی زانكۆی قەتەر دووپاتی دەكاتەوە كە هەر سووكایەتی پێكردنێك بە بیروباوەر و پیرۆزییەكانی ئیسلام، بەهیچ شێوەیەك جێگای قبوڵكردن نییە، چونكە ئەو سووكایەتیكردنە زیان بە بەهاى مرۆیی و بنەماكانی ئەخلاق دەگەیەنێت".
لە لایەكی دیكەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە وەك وەڵامدانەویەك لەسەر دووبارە بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرێكی سووكایەتیكردن لەسەر پێغەمبەری ئیسلام لە لایەن گۆڤاری تەنزی فەڕەنسی، شارلی ئێبدۆ-ەوە ، دەیان فڕۆشگای بازرگانی لە قەتەر بایكۆتی كاڵا و كەلوپەلی فەڕەنسییان كردووە.
بەم دواییانە مشتومڕ سەبارەت بە لێدوانەكانی ژمارەیەكی زۆری سیاسەتمەداری فەڕەنسا سەبارەت بە هێرشكردنە سەر ئیسلام و موسڵمانان لەو وڵاتە دروستبووە ئەوەیش دوای ئەوەی هات كە لە 16ی ئەم مانگەدا، تەرمی مامۆستایەك بە سەربڕدراوی لە ناوچەی كۆنفلانس سانت-هۆنۆرینل دۆزرابوویەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی دەستبەرداری بڵاوكردنەوەی كاریكاتێری سووكایەتیكردن لەسەر پێغەمبەری ئیسلام نابێت.
گۆڤاری تەنزی فەڕەنسی، شارلی ئێبدۆ لە كانوونی دووەمی ٢٠١٥دا كاریكاتێری لەسەر حەزرەتی محەمەد بڵاوكردەوە و لە یەكی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا هەمان كاری كردەوە.