Rewa Mahmut Hasan
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
یاریزانی رووسی بەناوبانگ لە بواری یاری شەترەنجدا گاری كاسپارۆڤ كە وەك كەسایەتێكی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا ناوی دەركردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ئامانجی پوتین پارچە پارچە کردنی ئەورووپایە و ئێستا ئەو خواستەی ناشارێتەوە.
كاسپارۆڤ لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆڕبەندی رووسیای ئازاد كە لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا رێكخرا، گوتەیەكی پێشكەش كرد و رەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین گرت.
ناوبراو رایگەیاند كە پوتین ئامانجێتی ئەورووپا پارچە پارچە بكات و، هەروەك هۆكاری كۆچی پەنابەران و دروست كردنی قەیرانی پەنابەرانی بۆ هێرشەكانی رووسیا و رژێمی سووریا گەڕاندەوە لەو وڵاتەدا.
كاسپارۆڤ ئاماژەی بەوەدا كە رووسیا بە مەبەست خوازیارە دۆخی ئێستای ئەورووپا تێك بدات و ناتۆ لاواز بكات و گوتی: "ئەگەری زۆر كەمە كە جەنگ دژی وڵاتانی ناتۆ هەڵگیرسێت، چونكە مۆسكۆ دەزانێت ناتۆ وەڵامی سەربازی دەداتەوە".
كاسپارۆڤ رایگەیاند كە بە مردنی بۆریس نەمتسۆڤ، رووسیا دوایین سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی خۆی لەدەست دا و گوتی: "رووسیا وەك وڵاتێكی دیكتاتۆری فاشیست بەڕێوەدەبرێت، ناتوانی رەخنە لە پوتین بگری، ئەمە بەدڵنیاییەوە ناكرێت، نەمتسۆڤ تا دوا هەناسەی بڕوای بەوە بوو ، بۆیە باجەكەیشی دا".