Mustafa Deveci
18 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئاراستەکردنی شەش مووشەک لە لوبنانەوە بۆسەر ناوچەی جەلیل باکووری ئیسرائیل چاودێری کراوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی بەداواچوونەکان بۆ زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە شارۆچکەی میسغاف عام لەسەر سنووری لوبنان (ناوچەی جەلیل)، باس لە ئاراستەکردنی شەش مووشەک کراوە کە لەوەدەچێت سەرجەمیان لەناو خاکی لوبناندا کەوتبنە خوارەوە و ھاتووە:
"لە وەڵامی ھێرشەکەدا، تۆپخانەکانی ئیسرائیل، سەرچاوەی ئاراستەکردنی مووشەکەکانی بۆردومانکردووە".
ھاوکات کەناڵی (کان)ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە ئیسرائیلییەکانی نیشتەجێ لە نزیک سنووری لوبنان، گوێیان لە زنجیرەیەک تەقینەوە بووە، بەڵام ھێرشە مووشەکییەکە زیانی گیانی نەبووە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی لوبنان بڵاونەکراوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل راگەیاندبوو کە لە لوبنانەوە سێ مووشەک ئاراستەی ناوچەی جەلیل کراون.
لای خۆیەوە حزبوڵڵای لوبنان کە بە ھاوپەیمانی ئێران دادەندرێت، رەتیکردەوە کە لە پشت ئاراستەکردنی مووشەکەکانەوە بێت بۆسەر ئیسرائیل.
ئاراستەکردنی مووشەک لە لوبنانەوە بۆسەر ئیسرائیل، ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ١٠ی ئەم مانگە ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتووەتە ٢١٢ کەس کە ٦١یان منداڵن و ٣٦ی دیکەشیان ئافرەتن و ھەزار و ٤٠٠ کەسی دیکەیش برینداربوون و جگە لەوەش ٢٢ کەسی دیکەیش لە کەناری رۆژئاوا کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.
لە بەرامبەردا لە ئاکامی ئاراستەکردنی مووشەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستینییەوە بۆسەر ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل تا ئێستا، ١٠ ئیسرئیلی کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.