Ramal Mahmood
22 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
لەدژی ئیسلامفۆبیا و رەگەزپەرستی خۆپیشاندان لەبەردەم کۆشکی سپی لە واشتنۆن ئەنجامدرا.
خۆپیشاندانەکە لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی "دەنگی جولەکە بۆ ئاشتی" لە شەودا رێکخرا. ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە نێویشیاندا رێکخراوەکانی "مسوڵمانانی ئەمریکا بۆ فەلەستین"، "کۆدەپینک"، "بنکەی ئاشتی واشنتۆن"، "ئافرەتە مسوڵمانەکانی ئەمریکا" بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەکەدا کرد.
ژمارەی خۆپیشاندەران ٢٠٠ کەس دەبوو، پانکارتەکانی "مسوڵمانان و جولەکەکان پێکەوە بەهێزترن"، "دژی رەگەزپەرستین"، "مافی ئێوە بەڕێزەوە مامەڵەکردنە" بەرزکردبووەوە.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە زۆربەیان جولەکە بوون و هوتافی "لەگەڵ مسوڵمانانین" یان دەکێشا.
دواتر بەناوی ئەم رێکخراوەوە بەیاننامەیەک خوێندرایەوە کە تیشکی خستبووە سەر بانگەشەی رەگەزپەرستی و دژایەتی ئیسلام لەم دواییانەدا لە ئەمریکا، داوایشیان لە ئیدارەی ترەمپ کرد کە لە ٢٠ی کانوونی دووەم دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ کە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت رێز لە بەها پیرۆزەکان بگرێت و داکۆکیان لێ بکات.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە بێدەنگ نابن بەرامبەر تاوان و رق و کینە و دژایەتی مسوڵمانان، داوایشی کردووە کە کۆتایی بهێنرێت لە چاودێریکردنی خەڵکی مسوڵمان، عەرەب و رۆژهەڵاتی ئاسیا. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە ئەمریکا واز بهینێت لەوەی بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مسوڵمانان بکاتە ئامانج.
دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە گرووپی خۆپیشاندەران کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.