Sangar Hamad Azeez
21 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سوپای تورکیا لە میانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، هێرشی ئاسمانی بۆسەر چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئەلباب باکووری سووریا ئەنجام دا و لە ئاکامدا ٢٤ ئامانجی داعش خاپوور کران. بەپێی زانیارییە بەراییەکان زیاتر لە ٤٠ تیرۆریستی داعش کوژران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە سەربازییەکانی سوپای تورکیا وەرگیراوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا پێکدادانێکی چڕ لەناوچەی ئەلباب باکووری سووریا رووی دا.
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١١:٣٠ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیان بۆسەر چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئەلباب باکووری سووریا ئەنجام دا و لە ئاکامدا ٢٤ ئامانجی داعش خاپوور کران. بەپێی زانیارییە بەراییەکان زیاتر لە ٤٠ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەم نێوەندەشدا راگەیەنرا کە سەربازێکی دیکەی تورکیا کە بە مەبەستی چارەسەکردن هێنرابوویە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٤ سەرباز بەرزبوویەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ١٥ سەربازی دیکە بەردەوامن لە وەرگرتنی چارەسەر.
پێکدادانەکان بەچڕی لەدەورووبەری نەخۆشخانەی شارەکە کە تیرۆریستانی داعش وەک پەناگە و جبەخانە بەکاری دەهێنن، بەردەوامە. شایانی باسە نەخۆشخانەکە بەتوندی لەلایەن داعشەوە دەپارێزرێت و ئەم نەخۆشخانەیە دەکەوێتە قەدپاڵی گردێک کە بەسەر ئەلبابدا زاڵە.