Mazın Asad
22 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی گوتارێکی لە کۆنفڕانسی "شێوازی نوێی ئاسایشی تورکیا" لە ناوەندی کولتور و کۆنگرەی بێشتەپە رایگەیاند: "وڵاتی ئێمە وڵاتی خێڵ نییە، وڵاتی خێوەت نییە. ئێمە خودی ئەو دەوڵەتەین کە دابونەریتی شارستانییەتەکانی دامەزراندووە. ئێمە بەشەرەف و شکۆین. بەڵام ژمارەیەک بێ ئاگا کە گومان دەکەن لەو دابونەریتانەوە ھاتوون، ١٥ی تەمووزیان خوڵقاند. باجەکەشیان زۆر بەقورسی دا، بەردەوامیش دەبن لەدانی ئەو باجە. ئەگەر تا ئێستا کەسانێک ھەبێت لەو غەفڵەت و بێ ئاگاییەدا بن، ئەوا پێویستە ھەرچی زووە بێنەوە ھۆش خۆیان و لەو رێگە ھەڵەیەی گرتوویانە بەر پاشگەزببنەوە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد ھەموو ھێزە ئەمنییەکان و گەلیش لەسەرانسەری تورکیادا بەرەنگاری تیرۆر بوونەتەوە و گوتی: ''دەزانن ئەمە دەبێتە ھۆی چی؟ دەبێتە ھۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوون لەلای ھاووڵاتییان. من باوەڕم بەوەیە کاتێک پێیان دەڵێن 'دووکانەکەت دابخە' ئیتر ھاووڵاتییەکی باشووری رۆژھەڵات یان رۆژھەڵات نابێت بەقسەیان بکات. چونکە کاتێک ئەمە دەکەن، ئەوانیش باجەکەی دەدەن''.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "بێگومان ستایشی ھەموو دەستکەوتەکانی لۆزان دەکەین. بەڵام ئەم دۆخە لەنێوان ئامانجەکانی میساقی میللیماندایە و باوەڕمان وایە بەسەرکەوتنمان لە جەنگی سەربەخۆییدا نزیکبووینەتەوە لەئامانجەکان و رێگر نییە لە دەربڕینی ھەندێک لە مافەکانمان کە لەگەڵ لۆزاندا دەستبەرداری بووین".
ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر بەرەوپێشبردنی تورکیا. بەردەوام دەبین لە رۆیشتن بەرەو ئامانجەکانمان ئەگەر بە ململانێش بێت لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کودەتاچییەکان، ھێرشە ئابوورییەکان و کەمینە سیاسی و دیپلۆماسییەکان. ئەگەر بە گیانیشمانبێت لەگەڵ گەلەکەماندا لەم خەباتە بەردەوام دەبین بۆ بەجێھێشتنی تورکیایەکی بەھێز بۆ نەوەی داھاتوومان. ١٥ی تەمووز دەریخست گەلەکەمان ئەگەر پێویست بکات چ فیداکارییەک ئەنجام دەدات. ھیچ ھێزێک ناتوانێت گەلێک رابگرێت کە لە مردن ناترسێت".
سەرکۆماری تورکیا ھەروەھا گوتی: "ئێستا گەیشتووینەتە ئەلباب و لەرۆژئاواشەوە گەمارۆمانداوە. ھەر ئەوە بەس نییە، لەوێوە بەرەو منبجیش دەڕۆین. بۆچی دەچینە منبج، زۆرمان حەز لێ نییە، بەڵام لەوێ پەیەدە و یەپەگە ھەیە. با ئەوانیش منبج بەجێ بھێڵن و بگەڕێنەوە بۆ خۆرھەڵات. ئەمەمان پێڕاگەیاندن، گوتیان دەکشێینەوە. تا ئێستاش دەڵێن ھەندێکیان کشاونەتەوە. ئێمە دەمانەوێت پەیەدە و یەپەگە بەتەواوی چۆڵی بکەن".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەو حکوومەتانەی ناتوانن لە وڵاتی خۆیاندا سەروەری بنیات بنێن و باڵا دەست بن و نەتوانن رێگری بکەن لەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی گیانمان ئازار دەدەن، مافی ئەوەیان نییە رەخنە لە تورکیا بگرن. تورکیا ھەرگیز سڵ لە ھەڵوێست وەرگرتن ناکاتەوە لە ئەنجامدانی ھەر کارێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گیانی ھاووڵاتیانی".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "ھەرچی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین بۆ بەرگرتن لە بابەتی پەکەکە، بابەتی داعش و مەترسی شەڕی مەزھەبی. کەس ناتوانێت بەر بە ھەوڵەکەمان بگرێت لە دروستکردنی ناوچەی ئارامی داماڵدراو لە تیرۆر لە سووریادا. ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش دژ بە ھەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سنوورەکەمان لەگەڵ سووریادا. بەھەمان شێوە لە عێراق بەردەوام دەبین لەسەر چاودێری کردنی مەترسی تیرۆر و شەڕی مەزھەبی".