Mazın Asad
05 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا کە لە ئاراکان مەترسی قڕکردنی ئەتنیکی لە ئارادایە و ھیوای خواست دۆخەکە نەگات بەو ئاستە.
گوتێریس لەبارەی پێشھاتەکانی میانمار و کۆریای باکوور، لە بارەگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "نیگەرانی زۆر بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کێشەکانی ئەمنی و دۆخی مرۆیی ویلایەتی ئاراکان لە میانمار دەردەبڕم. لە پێناو ھاوێشتنی ئەو ھەنگاوانەی کە لەبارەی توندوتیژییەکانی میانمار نیگەرانییەکانم و پێشنیارەکانمی تێدایە، نامەیەکم ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
گوتێریس گوتیشی: "پێویستە بەرپرسانی میانمار لەبارەی نەھێشتنی ئەم توندوتیژییانە بە پێداگری ھەنگاو بنێن و دەرفەتی گەیشتنی ھاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و ئاسایش دەستەبەر بکەن. بانگەوازی بۆ مۆڵەتدان بە گەیشتنی ھاوکاریە مرۆییەکان دەکەم بەبێ پچڕان. ھاوکات نابێت جێبەجێکردنی ئەو پلانە کاریگەرانە دوابخرێت کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دادەڕێژرێت. زۆر گرنگیشە پێگەی یاسایی بۆ بەسەربردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ ھاووڵاتیانی موسڵمانان لە ئاراکان دابین بکرێت. ھەروەھا پێویستە مافی گەشتکردن بە ئازادی، کارکردن و خوێندن و گشت خزمەتگوزارییەکانیان دەستەبەر بکرێت".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەر لەبارەی رووداوەکانی ئاراکان رایگەیاند: "پێموایە لە میانمار رووبەڕووی قڕکردنی ئەتنیکی بووینەتەوە، بەڵام ھیواخوازم دۆخەکە نەگات بەم ئاستە. بانگەوازی بۆ بەرپرسانی سڤیل و سەربازیی میانمار دەکەم کە کۆتایی بەم توندوتیژییە بھێنن. پێموایە ئەم قەیرانە ناوچەکە پەلکێشی ناسەقامگیری دەکات".
گوتێریس لەبارەی کۆریای باکوورەوە گوتی: "کۆریای باکوور بە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی یاساکانی نێودەوڵەتی رووخاند و بەبێ ترس ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە".