Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2016
سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، عەبدوڵڵای موهتەدی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، دۆخی ئێستای ئێران و هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەكات.
عەبدوڵڵای موهتەدی لە بارەی دۆخی ئێران لە دوای دەستبەكاربوونی ترەمپ دوا و گوتی: "بە رۆیشتنی باراك ئۆباما مانگی هەنگوینی نێوان ئەمریكا و ئێران تەواو دەبێت، هەر كەس بێت تەواو دەبێت تەنانەت ئەگەر هیلاری كلینتۆنیش بهاتبایە ئەو جۆرە پەیوەندییەی نێوان هەردوولا و ئەو سازشەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران كردی روو لە تەواو بوونە".
ئەو گوتی: "ئاماژەكان لە بارەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بە تایبەتی بەرامبەر ئێران وا نیشان دەدەن سیاسەتێكی سەختگیرانەتر بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران رەچاو دەكرێت".
موهتەدی ئەوەشی گوت: "بۆ دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن و شوێنەكانی تر، ئەمریكا چیتر بەو شێوەیە لە ئێران خۆش نابێت كە بە ویستی خۆی دەستوەردان لە هەموو وڵاتەكان بكات، بەڵام رەنگە لە سووریا تاڕادەیەك نزیكی هەبێت، هەرچەندە بۆ رونبوونەوەی سیاسەتی ترەمپ دەبێت تا مانگی داهاتوو چاوەڕوان بكەین".
سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا باسی لە دۆخی ئێستای ناوخۆی ئێران كرد و گوتی: "لە ئێستادا رەوشی ئابووری ئێران لەو پەڕی خراپی خۆیدایە و هیچ رێگەیەكی دەربازبوونی ئابووری بەم سیاسەتانەوە كە ئێران هەیەتی نابینرێت، كێشەی ناوخۆیی و هەڵوەرینی ناوخۆیان لە هەموو كات زۆرترە، كێشە ناوخۆییە سیاسی و ئابوورییەكان لە ئێستادا لە هەموو كات زیاترە و بەمەترسیدارینی دەبینم".
دوێنێ كۆنفرانسی پارتە سۆسیال دیموكراتەكان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و عەبدوڵڵای موهتەدی یەكێك بوو لەبەشداربووانی كۆنفرانسەكە، ئەو لە بارەی سیاسەتی پارتە سۆسیالیستەكانی ئەورووپا و جیهان بەرامبەر ئێران گوتی: "لە سیاسەتی ئەو پارتانە بەرامبەر ئێران رازی نین، ئێمە پێمانوایە سیاسەتی سۆسیال دیموكراتەكانی ئەورووپا سیاسەتێكی كزە بەرامبەر ئێران و خوازیاری ئەوەین بەشێوەیەكی شەفاف پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت بەرامبەر كورد و نەتەوە بندەستەكان زۆرتر باس بكرێت و فشاری زیاتر بخرێتە سەر ئەو وڵاتە".