Mohammed Baqi Hussein
25 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2015
سەرۆكی گشتی ئاك پارتی و سەرۆكوەزیرانی توركیا بووە میوانی رادیۆی كڕاڵ ئێف ئێم Kral FM. لە دیمانەكەدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیشەوە پەخش كرا،داودئۆغڵو وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە كە ئاراستەی كران.
داودئۆغڵو گوتی: "گەورەترین هێزی ئێمە دیموكراسی و گەلەكەمانە. ئێمە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنەكان كرد، ئەوان پێیان وابوو دەتوانن خودموختاری رابگەیەنن. وایانزانی خەڵكی نسێبین، جزیر و دیاربەكر و بە دەیان هەزار كەس دەڕژێنە سەر شەقامەكان و خاوەندارێتی لێدەكەن. بەڵام ئەو كارەیان نە كرد، چونكە خوشك و برایانی كورد، هاووڵاتییانی كورد دەزانن كامە هەڵەیە و كامە راستە. دەكرێت هەڵبژاردنی سیاسیی لە قازانجی هەدەپەیان بەكارهێنابێت لە 7ی حوزەیراندا، بەڵام بە بانگەوازی پەكەكە نەڕژانە سەر شەقامەكان. راستەوخۆ پشتگیری ئۆپەراسیۆنەكانی ئێمەیان كرد، یان بە بێدەنگبوون پشتگیرییان كرد. تەماشای بەكارهێنانی وشەی ئاشتی لەلایەن ئەوانەوە، ئەوان نیازی ئەوەیان هەبوو لە 11 تا 12 شارۆچكەی هەستیاری توركیا بەئەمری واقیع چەند كارێك بكەن".
پرسیار لە داودئۆغڵو كرا ئایا بۆچی هەدەپە نابرێتە بەردەم دادگا كە بە ئاشكرا پشتگیری پەكەكە دەكات.
داودئۆغڵو گوتی: "توركیا دەوڵەتێكی دیموكراسییە. دەستەی دادوەران بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كێ لەسەر چ بنەمایەك دەبرێتە بەردەم دادگا. من وەك سەرۆكوەزیران ناتوانم بیرۆكەیەك بڵێم لەسەر ئەوەی سیاسییەك یان هاووڵاتییەك رووبەڕووی دادگا بكرێتەوە. پەرلەمانتاران حەسانەیان هەیە، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت كە لەم دەوڵەتە دیموكراسییەدا رێكاری یاسایی كاری پێناكرێت".
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: "هەدەپە كە نایەنەتە پەرلەمان بۆ باسكردن و گفتوگۆكردن لەسەر هەر ناحەقییەك ئەگەر هەبێت و پشت بە پەكەكە و پەیەدە دەبەستێت، ئەمە چاوپۆشی لێ ناكرێت".
"ئایا قۆناغی چارەسەر دەست پێ دەكاتەوە؟" پرسیارێكی دیكە بوو ئاراستەی داودئۆغڵو كرا.
داودئۆغڵو گوتی: "ئێمە هەرگیز دەستەواژەیەكمان بەكارنەهێناوە گوزارشت لەوە بكات كە قۆناغی چارەسەر تەواو بووە. قۆناغەكە وەستاوە بەڵام دەستبەرداری نەبووین. دەستەواژەیەكمان بەكارنەهێناوە واتای ئەوە بگەیەنێت كە قۆناغەكەمان كۆتایی پێ هێناوە. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەدڵنیاییەوە بەڕێوەدەچێت".
داودئۆغڵو لەبارەی پێكهاتەی هاوتەریبەوە گوتی: "وەك چۆن پەكەكە و هاووڵاتییانی كورد لێك جیادەكەینەوە، بەهەمان شێوە ئەو كەسانە دەناسینەوە كە بەناوی دینداری و چالاكیی جەماعەت و خێرخوازییەوە هەوڵی گرتنەدەستی جومگەكانی دەسەڵات دەدەن، بێ ئەوەی شەرعییەتیاین لەگەل وەرگرتبێت".
-"ئێمە ئەوانەین كە پارێزگاریمان لە هەمان پەیام كردووە"
داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە عەبدوڵڵا گول و بوڵەنت ئارنچ گوتی: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەڕێز گیول بۆ هەشتاكان و لەگەڵ بەڕێز ئارنچ بۆ 90ەكان دەگەڕێتەوە. ئێمە ئەوانەین كە پارێزگاریمان لە هەمان پەیام كردووە. هەمیشە پەیوەندییەكانمان لەچوارچێوەی رێز و پەیوەندی باشدا بووە".