Hemin Hüseyin
02 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان رایگەیاند کە لەو کاتەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە تاوەکو ئێستا 9 ھەزار کەس لە ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ بەتایبەتی لە قەزا و ناحیە و گوندەکانی باکوور، رۆژھەڵات و باشووری مووسڵ بۆ ھەرێمی کوردستان ئاوارە بوون.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان ھۆشەنگ محەمەد رایگەیاندووە "سەدا 80ی ئاوارەکانی ئەم دوو ھەفتەیە بۆ پارێزگای ھەولێر ئاوارە بوون و لە کەمپەکانی دیبەگە و حەسەن شام نیشتەجێکراون و سەدا 20ی دیکەشیان لە کەمپی زێلکان لە دھۆک نیشتەجێکراون".
لە بارەی چۆنیێی ھاتنی ئەو ئاوارانە بۆ سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و گواستنەوەیان بۆ کەمپی ئاوارەکان، ھۆشەنگ محەمەد رایگەیاندووە "خەڵکی ناوچەکانی شەڕ لە میانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقی بە ھەر شێوەیەک بێت خۆیان دەگەیننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لە پشت سەنگەرەکانەوە بە ھاوکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی ئۆتۆمبێلی پاس ئامادە کراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو ئەو کەمپانە کە بۆیان دیاری کراوە".
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان، گلەیی ئەوەشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە وەک پێویست بە ھانای ئاوارەکان یان ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەم پرسە نایەن و لەمبارەیەوە گوتیشی: "لە سەرەتای گەیشتنی ئاوارەکان خواردنی وشک و ئاو بۆیان دابین دەکرێت، تا ئەوکاتەی بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان پێداویستییەکانی دیکەی ژیان لەناو کەمپ بۆیان دابین دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان گوتیشی: "تەنیا لە شەوی دووشەممەی رابردوو دوو ھەزار ئاوارە گەیشتنە سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران و لەوە دەترسن بە یەکجار ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بێن".
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان پێشبینی بە ئەگەری ھاتنی لە ناکاوی 260 ھەزار کەس پێکەوە دەکات، بەڵام بەھۆی کەمبوونی توانا و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست ناتوانن بەھانایانەوە بچن کە ھەموویان دەیانەوێت لە رێگای سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە بێنە ھەرێمی کوردستان تا بچنە شوێنەکانی دیکەی عێراق.
ھۆشەنگ محەمەد ئەوەشی راگەیاندووە "ئەگەر بەپێی ئەو پلانەی بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان دانراوە، بتوانن مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەکانی نوێی مووسڵ و دەورووبەری بکەن دەتوانن ٣٣ ھەزار خێزان یان ٢١٥ ھەزار ئاوارە وەربگرن کە پێشتر پلانی دروستکردنی پێنج کەمپ لە ھەولێر، پینج کەمپ لە دھۆک و کەمپێک لە سلێمانی بۆ ئەم مەبەستە دانراوە، بەڵام لەوە دەترسن و پێشبینی دەکەن لانیکەم لە سەرەوەی نیو ملیۆن کەس لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، بەتایبەتی ئەوکاتەی شەڕەکە دەگاتە ناو شاری مووسڵ ھانای خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان بێنن".
پێشتریش بەڕێوەبەری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، رزگار عوبێد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد کە کەمپی خازر لە 6 ھەزار شوێنی حەوانەوە پێکدێت کە ھەزاری ئامادەیە و هەموو پێداویستییەکانی تێدایە تەنیا کێشەی کارەبایان هەیە.
ئەو بەڕێوەبەرەی کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بە دروستکردنی کەمپی حەسەن شام کرد کە ئەویش 7 هەزا خیوەت لە خۆ دەگرێت و لە ئێستادا سەدا 25ی کارەکانی تەواو بووە.
کەمپی خازر بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر ٦ ھەزار شوێنی حەوانەوەی کاتی تێدایە و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر خێزانی ئاوارە بە شێوەیەکی کاتی تیایدا نیشتەجێکراون.