Ata Ufuk Şeker
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
برۆکسل - AA
لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و کۆمپانیای دەرمانی ئەسترازینکا کە بەرهەمهێنەری ڤاکسینی کۆرۆنایە رێککەوتن کرا لەبارەی ئەو دۆسیەی لەنێوانیاندا بوو لەسەر دەستەبەرکردنی ڤاکسین.
ئەو رێکاریە یاساییەی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دژ بە کۆمپانیای دەرمانی ئەسترازینکا دەستیپێکرد بەهۆی درەنگ دەستەبەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان کۆتایی هات.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمسیۆنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە ئەسترازینکا تا کۆتایی چارەکی دوەم نزیکەی ١٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنای رادەستی یەکێتیی ئەورووپا کردووە و، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەشدا کۆمپانیاکە بەڵێنی داوە تا کۆتایی ٢٠٢١ تێکڕا ١٣٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ یەکێتیەکە دەستەبەر بکات، لەوانەش تا کۆتایی چارەکی سێهەم ٦٠ ملیۆن و تا کۆتایی چوارەم ٧٥ ملیۆن دابین بکات.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە زیاد لەوە ئەسترازینکا تا کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو ٦٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ یەکێتیی ئەورووپا دابین دەکات، بەوەیش کۆمپانیاکە بە پابەندبوون بە گرێبەستی یەکەم تێکڕا ٣٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین رەوانەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی رێکوپێک ڤاکسین بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دابین دەکات و، هەر دواکەوتنێک رووبدات داشکاندن بۆ نرخی ڤاکسینەکە دەکات.