Heman Hussein Yaseen
28 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە، ١٠٢ ھەزار و ٩٥٩ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە، گەیشتە سێ ھەزار و ٣٧٧ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٩٨٦ پشکنین، ١٣٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و دوو کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
ھەولێر، ٢٢ حاڵەت، سلێمانی ٤١ حاڵەت، دھۆک ٦٥ حاڵەت و ئیدارەی گەرمیان چوار حاڵەت، ھاوکات یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ھەولێر و یەک حاڵەتیش لە پارێزگای دھۆک تۆمارکراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣١٦ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ١٠٢ ھەزار و ٩٥٩ تووشبوو و سێ ھەزار و ٣٧٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە.