Sarmand Hameed
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2021
ھەولێر - AA
- وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا،٦٤٥ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و ١٢ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە".
وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی پێنج ھەزار و ٦٥٨ پشکنین، ٦٤٥ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەمشێوەیە: لە ھەولێر ٨٢ حاڵەت، سلێمانی ٦٢ حاڵەت، دھۆک ٤٨٧ حاڵەت، ههڵهبجه سێ حاڵهت و، گهرمیان ١١ حاڵهت تۆماركراون.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکردووە، کە ھەر لەو ماوەیەدا ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە چوار حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، سێ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و، پێنج حاڵهت له پارێزگای دهۆك بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٩٦ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١٣٨ ھەزار و ٢٢٢ حاڵەت کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و٨٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.