Rewa Mahmood Hasan
30 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2021
سلێمانی- AA
کتێبێک لەسەر چیرۆکەکانی سەردەمی کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوکرایەوە و لە پارێزگای سلێمانی-یش خەڵاتی رێزلێنان درایە بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی و چەند کەسایەتییەک کە دەستیان هەبووە لە نووسینەوەی کتێبەکەدا.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، سەباح هەورامی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، رزگار عەلی کتێبی چیرۆکەکانی کۆرۆنا بڵاوکرایەوە و ئامادەکارانی کتێبەکەش خەڵاتی چەند کەسێکیان کرد کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە بەرەنگاریی کۆرۆنادا لە پارێزگای سلێمانی.
لەڕێی نووسینەوەی ئەو کتێبەوە چیرۆکەکانی سەردەمی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ خرایە بەردیدی خوێنەران، ئەمڕۆش لە دیوانی پارێزگای سلێمانی رێزلێنانێک بۆ بەڕێوەبەری تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی و چەند کەسایەتییەک رێکخرا کە دەستێکی باشیان هەبوو لە نووسینەوەی ئەو کتێبەدا.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند ''لە یەکی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەندرا، هەر لێرشەوە یەکەم خوێنی پلازما بۆ کۆرۆنا راگەیەندرا، بۆیە ئەو کتێبەی کە نووسراوە چیرۆکەکانی پارێزگای سلێمانی باس دەکات".
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "بەڕێوەبەری تەندروستی و ئەم کەسایەتیانە و ئەوانەی کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا رۆڵی زۆر باشیان بینیوە بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، بۆ ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە خەڵات کران. ئێمە قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە، لەکاتێکدا هێشتا بەتەواوی کۆرۆنامان تێنەپەڕاندووە، بەڵام هەتا خاوەنی ئەم کەسایەتیانەبین ئەوا کۆرۆنا بەسەرکەوتویی تێدەپەڕێنین".
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە چەند نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دەکرێنەوە یەکێک لەو نەخۆشخانانە لەلایەن ئەڵمانیاوە دروست دەکرێت، هەروەها رێکخراوی NDPیش نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەکۆرۆنا دەکاتەوە و بڕیاریشە لەلایەن تەندروستییەوە نەخۆشخانەیەکی دیکە بکرێتەوە.
لە گوتەیەکی کورتیشدا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح هەورامی سوپاسی هەموو لایەکی کرد کە بەتەنگ رێنماییەکانی تەندروستییەوە هاتوون لەکاتی بەرەنگاریی کۆرۆنادا و هەروەک هەڵوێست و کاری رۆژنامەنووسانی بۆ گەیاندنی دەنگی کارمەندانی تەندروستی و بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان و گەیاندنیان بە هاووڵاتییان ئەرکێکی زۆریان کێشا و سوپاسی کردن.
سەباح هەورامی گوتی: "نووسینەوەی ئەم کتێبە کارێکی گرنگە تاوەکو لە داهاتوودا گەر جۆرێکی تر لەو ڤایرۆس و نەخۆشیانە بڵاوبوونەوە هاووڵاتییان وەک ئەزموونێک ئەتوانن ئەو کتێبە وەک سەرچاوە بەکاربهێنن و هۆشیاری زیاتر وەربگرن".
لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینیشەوە سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڤاکسینەی لە هەرێم بەکاردێن لە حکوومەتی ناوەندییەوە بەدەستیان دەگات و پرۆسەی ڤاکسینکردن بەبێ ئاڵۆزی و جەنجاڵی بەردەوامی هەیە و گوتی: ''پرۆسەی ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچیت و داواش لە هاووڵاتییان دەکەم پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرن و تاوەکو لە ئەگەری شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا، هەرێمی کورستان پارێزراوبێت".