Rewa Mahmood Hasan
30 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2021
سلێمانی-AA
ماوەی هەفتەیەکە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی هیندی-یەوە و بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو رووی لەزیادبوون کردووە و ئەمەش هاووڵاتییانی دووچاری گرفت کردۆتە.
بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی ماوەی هەفتەیەکە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و رێژەی شێ دابەزیوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە گەرمایەکی لە رادەبەری بێزارکەر ناوچەکە بگرێتەوە.
هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە گەرمای بەتین لە شاری سلێمانی رێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، بەتایبەت ئەو خاوەن پیشانەی کە ناچارن بە گەرمای نیوەڕوان کار بکەن.
هەندێک لە هاووڵاتییان بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاوی سارد دەخۆنەوە، هەرئەمەش وای کردووە، بازاڕی فرۆشتنی ئاوی سارد و ساردەمەنییەکان روو لە هەڵکشان بن.
چەتر یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی ماوەیەکە هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن بۆ خۆپارێزی لە گەرمای بەتین، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشوودا تەنها بۆ بەرگرتن لە تەڕبوونی ژێر باران بەکار دەهات.
هەندێک خاونە پیشە بەتایبەتی ئەوانەی ناچارن لە شەقامەکان بمێننەوە بە تەڕکردنی پەڕۆیەک و داپۆشینی رووخسار و سەریان، هەوڵ دەدەن خۆیان لە گەرمای بەتین بپارێزن.
لای خۆیانەوە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری سەرەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردۆتەوە چەند رێنماییەکی دەرکردووە بۆ خۆپارێزی لە گەرمای بەتینی هاوین.
لە رێنماییەکاندا ئامۆژگاری هاووڵاتییان کراوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو رۆژانە حەوت بۆ هەشت پەرداخ ئاو بخۆنەوە و لە کاتژمێری ١١ی پێشنوەڕۆ بۆ سێی ئێوارە خۆیان نەدەنە بەر خۆر، ئەگەر ناچاریش بوون ئەوا چەتر بەکاربهێنن.
هەروەک داوا لە خانمان دەکەن کە بۆ پاراستنی کۆرپەکانیان پەردەی کولە بەکاربهێنن لەکاتی خەوتنیاندا، هەروەک خۆیشیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ماددەکانی جوانکاری لە کاتی بەرکەوتنی راستەوخۆی هەتاودا.