Heman Hussein Yaseen
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2022
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، لە رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دا، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو رێوڕەسمێکی بۆ ئەم بۆنەیە رێکخست کە تێیدا جگە بەرپرسانی دیکەی حکوومیی، ژمارەیەک لەو خێزانانەی منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزمیان هەیە بەشداربوون و دواتریش مانگی سووری تورکی چەند سەبەتەیەکی خۆراکی بەسەر خێزانەکان دابەش کرد.
ئۆتیزم بریتییە لەشڵەژانى و تێکچوونی دەمارەکانی مێشکی منداڵ کە لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیدا بەدیاردەکەوێت کە کار دەکاتە سەر رەفتار و گوفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵەکە و، لە ئاکامدا منداڵێکی فرە جووڵە و بێ پەیوەندی لێ دەردەچێت و، لە هەرێمی کوردستان چەندین منداڵی ئۆتیزم هەیە کە بەشێکیان لە سەنتەرەکان راهێنان وەردەگرن. هەر بۆیەش لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، بەشێک لەو منداڵانەی کە تووشی ئۆتیزم ببوون، لە هۆڵەکەدا جموجۆڵی زۆریان هەبوو، هاوکات ژمارەیەکیان چوونە سەر تەختی رێوڕەسمەکە و چەند مایکێکی دەزگاکانی راگەیاندنیان لەگەڵ خۆیاندا برد و راهێنەرانی سەنتەرەکانیش هەوڵی هێورکردنەوەی منداڵەکانییان دەدا.
لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، کەمال جەباری تیشکی خستەسەر کێشە و گرفتەکان و رایگەیاند "ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دەکەینەوە کە هێشتا رەوشی تووشبووانی ئۆتیزم و خێزانەکانییان لەوپەڕی خراپییدایە، رۆژ لەدوای رۆژیش بەهۆی زیادبوونی رێژەی تووشبووان بە ئۆتیزم و نەبوونی سەنتەری پێویست، رەوشەکە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، بێگومان بوونی تەنیا یەک منداڵ لە خێزاندا، وادەکات کە ئەو خێزانە باری شپڕزە بێت و لە کۆمەڵگا و دەوروبەری داببڕێت، هەر بۆیە پەراوێزخستنی رەوشی ئۆتیزم وا دەکات رۆژ بە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بڕوات و کارەساتی لێ بکەوێتەوە".
کەمال جەباری گوتیشی: "بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەکەمان، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دا بوونی هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی هەزار حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، ٩٠٠ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، ٧٥٠ حاڵەت لە پارێزگای دهۆک و لە پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی ٤٠٠ حاڵەت بوونی هەیە، سەرباری هەڵکشانی ئامار و مەترسییەکان بەداخەوە تا ئێستا دۆسیەکە بە پەراوێزخراوی ماوەتەوە و ئەگەر زوو فریای نەکەوین ئەوا رەوشەکە لەدەست دەردەچێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان کەمال جەباری هۆشداری لە لێکەوتەکانی دا و ئاشکرای کرد کە لە سێ ساڵی رابردوودا چەندین خێزان بەهۆی بوونی منداڵی ئۆتیزم هەڵوەشاونەتەوە و گوتی: "ساڵانە بەهۆی ئۆتیزمەوە چەندین خێزان کێشەیان تێکەوتووە و بەجۆرێک لەماوەی سێ ساڵی رابردوو ٢٥ حاڵەتی جیابوونەوە روویداوە و شیرازەی خێزان تێکچووە، چەندین کەس سەری خۆیان هەڵگرتووە و منداڵەکەیان بردووەتە دەرەوە و چەندین خێزانیش ئێستا کێشەیان لەنێواندا هەیە، جگە لەوەش لە سەدا ٦٠ی خێزانەکان هەژار و نەدار و کرێچین، لەو ژمارە ئۆتیزمەی لە کوردستان هەیە تەنیا بە رێژەی سەدا ٢٥ لە سەنتەرەکانی حکوومی و ئەهلی راهێنان وەردەگرن، هەروەها خێزانەکان پێویستییان بە بابەتی دارایی هەیە کە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی ٢٠١٢یەوە هەموو جۆرە مینحەیەکی تایبەت بە ئۆتیزم راگیراوە کە پێشتر مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، بۆیە جارێکی دیکە ئەم داواکارییە دەخەینە بەردەم بەرپرسان کە بە زووترین کات سەنتەری راهێنان بۆ تەمەنی سەرووی ١٢ ساڵی تا تەمەنی ٣٠ ساڵی لە سەنتەری پارێزگاکان بکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەمال جەباری داوایکرد کە پێدانی مۆڵەتی بەخێوکەر بدرێت بە دایک و باوکانی ئۆتیزم و نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لەوەی مۆڵەتی بەخێوکەر پێشمەرگە و زێرەڤانی ناگرێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "تا ئێستا پێدانی مۆڵەتی بەخێوکەر تەنیا دەدرێت بە دایکان، بەڵام ئێمە داوامانکردووە کە لەیەک کاتدا مۆڵەت بدرێت بە دایک و باوکی منداڵی ئۆتیزم، هەروەها تا ئێستا پێشمەرگە و زێرەڤانی لەم مۆڵەتە بێبەشن و داوا دەکەین ئەوەش چارەسەر بکرێت و هاوشێوەی فەرمانبەری مەدەنی، مۆڵەتەکە بیانگرێتەوە".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، یوسف چاوشین جەختی لەوە کردەوە کە وەکو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەماوەی رابردوودا چەندین خزمەتگوزارییان پێشکەش بەم توێژەکردووە لە رووی راهێنان، پێدانی مۆڵەتی بەخێوکەر و هاوکاریی داراییەوە.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، یوسف چاوشین لە رێوڕەسمەکەدا گوتی: "لەم رۆژەدا تێگەیشتنە لە ئێش و ئازارەکان، هاوکات دەرفەتێکە کە بزانین هەموومان لە رابردوو چیمانکردووە و لە داهاتوودا چی بکەین، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت وەکو وەزارەت، خۆشبەختانە لە چەندین بوار لەخزمەتی ئەم توێژە بووینە و دیارترینیان لە بواری راهێنان، پێدانی مۆڵەتی بەخێوکردن و هاوکاری دارایی".
یوسف چاوشین گوتیشی: "ئێستا سێ سەنتەری حکوومی ئۆتیزممان هەیە کە تێیدا راهێنان بەخۆڕاییە و هاتوچۆش بەخۆڕاییە، بڕیارشمانداوە چەندین سەنتەری دیکە لە شارەکانی دیکە بکەینەوە، هەروەها ئێستا ٢٠ سەنتەری دیکەشمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەیە کە کەرتی تایبەتن".
دواتر پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو وێرای پاڵپشتیی بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزم، ئاشکراشی کرد کە لەماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی سەنتەرێکی گەورە دادەنرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لە موعاناتی ئەو خێزانانە تێدەگەین کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، ئەو داواکارییەی کە سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم خستیەڕوو، داواکارییەکان رەوایە، بەشێک لەوانەی پێشتر بە یاسا رێکخراون ئەوا پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە، هەروەها بەشێکی دیکەش پێویستی بەوە هەیە کە یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە بریتییە لە بوونی ٨٧٠ حاڵەتی تۆمارکراو لە هەولێر، لەو ژمارەیە نزیکەی ٥٠٠ کەسیان سوود لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم دەبینن، کە لە پارێزگای هەولێر ١٣ سەنتەری ئۆتیزم هەیە کە لەو ژمارەیەش سەنتەرێکیان حکوومییە و ئەوانی دیکە کەرتی تایبەتن، بەداخەوە بەپێی ئەو میکانیزمەی لەو سەنتەرانە کاری پێدەکرێت ئەوا ناتوانرێت منداڵی سەرووی تەمەنی ١٢ ساڵی وەربگرن، بۆیە ئەوە موعاناتی خێزانەکان قورستر دەکات، بۆیە ئێمە لە پارێزگای هەولێر، بە هاوکاری هەموولایەک لە نزیکترین کاتدا بەردی بناغەی سەنتەرێک دادەنێین کە ئەو منداڵانە لەخۆدەگرێت کە ئۆتیزمن یان خاوەنپێداویستی تایبەتن، ئەو منداڵانەیشی کە بێسەرپەرشتن لە شوێنی حەوانەوە دەمێننەوە، لە قۆناغی یەکەمدا بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ئەم پڕۆژەیە دابینکراوە و ئێستا خەریکی ئامادەکارییەکانین".
لە رێوڕەسمەکەدا، مانگی سووری تورکی بەهاوکاری لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی، هەندێک پێداویستی خۆراکی بەسەر چەند خێزانێک دابەشکرد.
لەمبارەیەوە کارمەندی هەماهەنگی لە مانگی سووری تورکی ئەحمەد فەیسەڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو مانگی سووری تورکی، بە هەماهەنگی لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی، بەبۆنەی رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم و لەچوارچێوەی هاوکارییەکانمان، هەڵساین بە دابینکردنی ١٠٠ سەبەتەی خۆراک کە بریتیین لە برنج، دۆشاوی تەماتە، زەیت و، فاسۆلیا، بەگشتی ئەو خۆراکە سەرەکییانەی کە خێزانێک بۆ دوو هەفتە بەکاری دەهێنێت".