Zana Natık Kerem
03 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت، عادل کەریم رایگەیاند، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا تەواو کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ ئوردن لەژێر جێبەجێکردن دایە.
عادل کەریم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر گاز و سووتەمەنی دیکە بۆ وەزارەتی کارەبا دابین بکرێت، ئەوا رەوشی کارەبا لە ھاوینی داھاتوودا، باش دەبێت و گوتی: "پلانی خۆمان بۆ باشکردنی رەوشی کارەبا ھەیە و ئومێد دەکەین لیژنەی دارایی دەرماڵە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان، دروستکردنی ھێڵەکانی راکێشانی کارەبا و کڕینی بگۆڕ تەرخان بکات".
گوتیشی: "تیمەکانمان سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەبایان تەواو کردووە".
وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت، عادل کەریم راشیگەیاند کە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا تەواو کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ ئوردن لەژێر جێبەجێکردن دایە و گوتی: "دانوستانەکان بەردەوامن لەبارەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ کەنداو".
لە سەرەتای ٢٠٢٠دا، عێراق لە رێگای ھەرێمی کوردستانەوە، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی تۆڕی گواستنەوەی کارەبا لە تورکیاوە.
ھەروەھا لە ٢٥ی کانوونی دووەمی رابردوودا، عێراق و سعوودیە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نێوان ھەردوو وڵات واژوو کرد.
لە ساڵانی رابردووەوە، عێراق بۆ ھاوردەکردنی کارەبا و گاز پشتی بە ئێران بەستووە کە عێراق ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای لە ئێران ھاوردە کردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق لەئێستادا، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.