Sayim Harmancı,Sıraç Karadeniz
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2022
هەکاری- AA
بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی شارۆچکەی دەرەجیکی سەر بە پارێزگای هەکاری، پۆلێکی تایبەتی بۆ منداڵێکی عێراقیی تەمەن ١٢ ساڵ کردەوە کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا کۆچیان کردوە بۆ ئەو شارۆچکەیە.
نادر یوسف و جیهان عادل، خاوەنی پێنج منداڵن کە سیانیان ئۆتیزمن، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش نەبن، ساڵی ٢٠١٥ هاتونەتە تورکیا.
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەشدا توانیویانە دیاری تەمەن ١٦ ساڵ و یوسفی تەمەن ١٧ ساڵ لە قوتابخانە تایبەتەکانی ساکاریا، ترابزۆن و ئەنقەرە، بخەنە بەر خوێندن. بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کێشە ئابوورییەکانەوە، نەیانتوانیوە لاواندی تەمەن ١٢ ساڵ بخەنە بەر خوێندن.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە شارۆچکەی دەرەجیکی سەر بە هەکاری نیشتەجێبوون و داوایان لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی شارەکە کردوە، هەلی خوێندن بۆ لاواند، بڕەخسێنن.
لە وەڵامی ئەم داواکارییەدا بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی دەرەجیک پۆلێکی تایبەتی بۆ لاواند، تەرخان کردوە. ئەو مامۆستایانەشی وانە بەو منداڵە دەڵێنەوە، لە نزیکەوە بایەخ بە هەموو پێویستییەکانی دەدەن.
لای خۆشییەوە بەڕێوبەری پەروەردەی شارۆچکەکە، عەبدولمەجید ئەرەن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە دوای ئەوەی خێزانی لاواند داوایان لێکردون هەلی خوێندن بۆ کوڕەکەیان بڕەخسێنن، ئەم داوایەیان جێبەجێ کردوە و پۆلێکی تایبەتیان بۆ کردوەتەوە.
ئەرەن، گوتیشی: "جەنابی پارێزگاریش رەزامەندی لەسەر هەموو بەڵگەنامە پیویستەکان دەربڕی. پێویستە هەمووان لە مافی پەروەردە و خوێندن سوودمەندبن. لە ئێستاشدا ئەو قوتابییەمان بەشێوەیەکی تایبەت و لە کەشێکی گونجاودا وانەکانی دەخوێنێت. لەم ماوەیەشدا بەرەوپێشچوونی باشی تۆمار کردوە".
باوکی لاواند، باس لەوە دەکات کە منداڵەکانی دوای ئەوەی لە شارە جیاوازەکانی تورکیا چوونەتە بەر خوێندن، زۆر گەشەیان کردوە و رایگەیاند "ئەم جۆرە منداڵانە زۆر پێویستییان بە پەروەردە، گرنگی پێدان و خۆشەویستی هەیە. منداڵەکانم پێشتر زۆر توڕەبوون و ئازاری یەکتريان دەدا، نەیاندەتوانی پێویستییەکانی خۆیان دابین بکەن. بەڵام لە ئێستادا خۆیان پێویستییەکانیان ئەنجامدەدەن و کەمتر هاوار دەکەن. کوڕەکەم نزیکەی مانگێکە لێرە چووەتە بەر خوێندن. خودا لەوان رازیبێت. ئێمەش هەرچییەکمان پێبکرێت بۆ منداڵەکانمانی دەکەین".
مامۆستای پسپۆڕ لە گەشەی منداڵ، شەهلا کایا، باسی لەوە کرد کاتێک سەرەتا لاواند هاتووەتە قوتابخانەکەیان، گرفتی خۆگونجاندی هەبووە و نەیتونیوە پێویستییەکانی رۆژانەی دابین بکات، بەڵام دوای وەرگرتنی پەروەردەی تایبەت رەفتاری بەرەوباشتر چووە.
کایا، ئاماژەی بەوەشدا کە قوتابییەکانی دیکەش لەگەڵ لاواند کات بەسەردەبەن و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە هەمووان بەوریاییەوە رەفتار لەگەڵ ئەم جۆرە منداڵانە بکەن.