Hawkar Yaseen
20 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە ژمارەی تۆمارکراوی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، 41 هەزار تووشبوو.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ یەکەمجار، ژمارەی چاکبووانی کۆرۆنا لە تووشبووانی نوێ زیاتر بووە کە 667 تووشبوو چاکبوونەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارەکاندا دابەشبوون:
230 کەس لە هەولێر، 205 کەس لە سلێمانی، 168 لە دهۆک، 38 لە گەرمیان و 26 کەسیش لە هەڵەبجە.
هەروەها لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 444 تووشبووی نوێش تۆمارکراوە کە بەرزترین ژمارەیان لە دهۆکە بە 168 تووشبووی نوێ و لە هەولێر 133 تووشبوو و سلێمانی 89 تووشبووی نوێ و لە گەرمیان 33 تووشبوو و لە پارێزگای هەڵەبجە-ش 21 تووشبووی نوێ تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 24 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە بەرزترین ژمارەیان لە دهۆکە بە 11 کەس و شەش کەس لە سلێمانی و چوار کەس لە هەولێر و سێ کەسیش لە هەڵەبجە.
بەپێی ئاماری گشتی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا، 418 هەزار و 503 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، 41 هەزار و دوو تووشبوو تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، 26 هەزار و 464یان چاکبوونەتەوە و 13 هەزار و 19یش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستا هەزار و 519 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.