Alaattin Doğru
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
پاریس - AA
لە کاتێکدا لە فەڕەنسا یادی جەژنی نیشتمانیی ١٤ی تەمووز دەکرێتەوە، پاریسی پایتەخت، بەھۆی خۆپیشاندانی ھەزاران کەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ناچارکردنی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاڵۆزی تێکەوت.
راستەخۆ لە دوای کۆتاییھاتنی نمایشی سەربازیی بەبۆنەی رۆژی نیشتمانيیهوە، ھەزاران کەس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ناچارکردنیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی کارتی تەندروستی، درووشمی "بڕوخێ دیکتاتۆرییەت" و "دەست لە کار کێشانەوە بۆ ماکرۆن"یان بەرزکردەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
تیمەکانی پۆلیسی چالاکی مەدەنی بە بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ رێگرییان لە خۆپیشاندانەکە کرد و ئەوانیش رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە و جامی دوکانی جلوبەرگ، بانک و دوکانەکانی دیکەیان شکاند و تەنەكەى خۆڵیان ھەڵڕشت و بەربەستیان لەسەر رێگاکاندا درووست کرد.
جگە لەوە خۆپیشاندەران ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خاشاک و شۆفڵ و ئامێرەکانی دیکەیان سووتاند.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رۆژی یەکشەممە لە گوتارێکیدا، کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆناى لە سەرجەم نەخۆشخانەكان و بۆ کارمەندانی خانەی بەساڵاچووانی كردە ناچارى و جێبەجێکردنی نيشاندانى کارتی تەندروستیی ڤایرۆسی کۆرۆنای فراوان کردەوە، بەمشێوەيە لە ٢١ی تەمووزەوە لەو شوێنانەی کە زیاتر لە ٥٠ کەس تێیدا ئامادە دەبن بەکارھێنانی ئەو بەڵگەيە ناچاری دەبێت.
له چوارچێوهی جێبەجێکردنی نیشاندانی کارتی تەندروستیی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، پێویستە كەسەكه بە بەڵگە بيسەلمێنێت كە ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە یان ئەنجامی پۆزەتیڤی پشكنینی PCR کە لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامدرابێت نيشانبدەن یان ئەو بەڵگەيە نيشان بدەن كە لە ماوەی شەش مانگی رابردودا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە.