Baghdad
بەغدا - AA
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، بەوەش ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کە تا ئێستا لە عێراق تۆمارکراون، گەیشتە شەش حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راگەیەندراوێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی ئاشکراکردووە کە گەنجێکی دانیشتووی شاری بەغدا کە پێشتر سەرانی ئێرانی کردووە و دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق لە یەکێک لە بنکە تەندروستییەکان پشکنینی بۆ کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەنجامی پشکنینەکان جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (Kovid-19) له گەنجەکەدا بەدی کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لەئێستادا، تووشبووەکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدایە و رەوشی تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق باسی لەوەشکردووە کە بەپێی رێنمایەکانی تەندروستی نێودەوڵەتی، هەموو رێوشوێنێکی بۆ چاودێکردنی رەوشی تەندروستی کەسە تووشبووەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تۆمارکردنی چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکووک و حاڵەتێکیش لە نەجەف راگەیاندبوو.