Heman Hussein Yaseen
27 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی لە ھەولێر بەسەرکردووە و لە نزیکەوە چاودێری بەشەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و چارەسەرکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ خۆپارێزی و ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکراوە و تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە.
مەسرور بارزانی لەمیانی بەسەرکردنەوەکەی بۆ نەخۆشخانەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بۆ ئەوە هاتووین تا دڵنیابین رێکارەکان بەتەواوەتی گیراونەتەبەر و سوپاسی وەزیری تەندروستی دەکەین لەگەڵ ئەو ستافەی لە نەخۆشخانەکەن، نەخۆشخانەکە بەتەواوەتی ئامادەکراوە و لە ھەموو پارێزگاکانیش ھەن، بۆ ئەوەی ئەگەر حاڵەتێک ھەبوو بەباشترین شێوە خزمەت بکەن".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە چەندین کۆبوونەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە ئەنجامدراوە، داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: "تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە کوردستان نییە، بەڵام لە عێراق و وڵاتانی دەورووبەر حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، ئامادەکارییەکان لە ھەرێمی کوردستان لە پێشەوەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەیە، داواش دەکەم ھاووڵاتییان ھاوکاری ستافی پزیشکی بن و خۆشیان بپارێزن".
مەسرور بارزانی داوایشی لە بازرگانان و دوکانداران کرد کە بە هەستێکی بەرز مامەڵە بکەن و خۆیان لە گرانکردنی نرخی کەلوپەل و پێداویستی رۆژانەی خەڵک بە دوور بگرن.