Hemin Hüseyin
19 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستاشدا رۆژانە نەخۆش و بریندارەکانی شاری مووسڵ لە هەرێمی کوردستان چارەسەری پێویست وەردەگرن و بەڵام رێژەکە کەمی کردووە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر دکتۆر سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ تا شەش مانگی یەکەم، نزیکەی ٤٥ هەزار سەربازی نەخۆش و بریندار سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە ئێستاشدا رۆژانە نەخۆش و بریندارەکان دێنە هەرێمی کوردستان بەڵام رێژەکە کەمی کردووە بە بەراورد بە پێشووتر".
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە ئێستادا هەندێک تیمی گەڕۆکی تەندروستی لە بەرەی راستی مووسڵ هەیە و هەندێک لە بریندارەکان رەوانەی باشووری مووسڵ دەکرێت کە نەخۆشخانەی مەیدانی لێیە و حەشدی شەعبی سەرپەرشتی دەکات و هەندێکیشیان دێنە نەخۆشخانەی ئێس پی لە بەرتللـە، بەڵام ئەگەر پێویستی بە مانەوە یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەبێت، ئەوا دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری هەولێرو لێرە چارەسەری پێویست وەردەگرن".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە سەربازەکانی سوپای عێراق، ئەوا خەڵکی سڤیل و مەدەنیش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و لەمبارەیەوەش گوتی: "جگە لە سەربازەکان، خەڵکی سڤیلیش سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ مانەوە و شوشتنی گورچیلە، وەرگرتنی چارەسەری کیمایی، شێرپەنجە، شەبەکە و باڵۆن، نەشتەرگەری و منداڵبوون کە ئەو جۆرە نەخۆشانە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بێگومان ئەوانەش خەرجییەکی زۆری تێدەچێت".
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاشکراشی دەکات کە هاووڵاتییانی مووسڵ و دەوروبەری لە سەدا ٧٠ـی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی راپەڕین پێکدەهێنن و ئاماژەش بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە یارمەتی و هاوکارییەکیان بۆ نەهاتووە لە لایەن بەغدا و لەمبارەیەوە گوتی: "نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و شووشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەکانی هەرێم و نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی راپەرین، سەدا ٧٠ی نەخۆشەکان پێکدەهێنن و هەمووی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە چارەسەر دەکرێن و هیچ بەشێک بەناوی نەخۆشەکان لە بەغداوە بۆ هەرێم نەهاتووە و هەموو دەرمانەکان بەشی هەرێمی کوردستانە بە هاووڵاتییانی ناوچەی مووسڵ دەدرێت.
ماوەی زیاتر لە دووساڵە بەهۆی توندوتیژی و شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی مووسڵ و دەوروبەری، بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوارەی سنووری هەرێمی کوردستان بوونە و بەم هۆیەوەش ئەرکی پێدانی خواردن و دابینکردنی جێگا و چارەسەری تەندروستی کەوتووەتە سەر شانی حکوومەتی هەرێم و تاوەکو ئێستاش حکوومەتی بەغدا هیچ هاوکارییەکی تەندروستی نەناردووەتە هەرێمی کوردستان.