Dildar Baykan
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2020
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە رەنگە ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا لە ناوخۆی وڵات ئامادە بێت بۆ دابەشکردن.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە نەخشەڕێگایان بۆ دابەشکردنی ڤاکسینێک راگەیاندووە کە دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پەسەند کراوە و گوتی: ''ئەوە دەبێتە گشتگیرترین، خێراترین و پێشکەوتووترین بەرنامەی بەرفراوانی دابەشکردنی ڤاکسین لە مێژووی ئەمریکادا''.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە کاریان کردووە بۆئەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی کاریگەر و ئارام دابەشبکرێت و گوتی: ''رەنگە ئێمە لە تشرینی یەکەمدا دەست بکەین بە دابەشکردنی ئەم ڤاکسینە. رایدەگەیەنین کە ڤاکسینەکە جێمتمانەیە، ئێمە ئامادە دەبین لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمدا بۆ دابەشکردنی ڤاکسینەکە، رەنگە کەمێک درەنگتر بکەوێت، بەڵام ئامادەکاری ئێمە تەواوە''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە کۆتاییدا پلانیان داناوە ١٠٠ ملیۆن دۆزی ڤاکسینەکە دابەش بکەن و گوتی: ''داوا لە کاندیدی ٢٠٢٠ی دیموکراتەکان بایدن دەکەم واز لە ناساندنی تیۆرییەکانی بهێنێت دژبە ڤاکسینەکە، ئەو رەوشە لە گرنگیی کارەکەی ئێمە کەمدەکاتەوە. دیموکراتەکان دەزانن کە ئێمە چەندە لە پێگەیەکی بێ کەموکوڕ و تەواوداین. نابەرپرسانە ژیانی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە. مافی ئەوەیان نییە''.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە تا ئێستا ژمارەی تووشبووانی پەتاکە رووی لە دابەزین کردووە و پێشبینیان بۆ گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە کە لە سەرەتادا دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بوو لەئێستادا لە دەورووبەری ٢٤٠ هەزاردایە.
- ''رەنگە مێشکی سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵ و بەرگرتن لە نەخۆشییەکان ئاڵۆزبووبێت''
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد لەو ویلایەتانەی لە لایەن دیموکراتەکانەوە ئیدارە دەکرێن گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاترە، داواشی کرد ژیان لە ویلایەتەکانی وەک میشیگان، پێنسیلڤانیا و کارۆلینای باکوور ئاسایی بکرێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو کە رێکارییەکانی دژبە ڤایرۆسەکە لە خودی ڤایرۆسەکە زۆر زیانی زیاتری لە خەڵک داوە.
دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی نیشاندا سەبارەت بە لێدوانێکی سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵ و بەرگرتن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رۆبێرت رێدفیڵد کە گوتبووی؛ ''نزیکترین کات لە کانوونی یەکەمدا ڤاکسینەکە ئامادە دەبێت'' و گوتی: ''بەڕای من رێدفیڵد هەڵەیەکی کردووە، ئەو زانیارییە راست نییە. ئەمڕۆ من تەلەفۆنم بۆ کرد و شتێکی لەو شێوەیەی بە من نەگوت. بە رای من مێشکی رێدفیڵد ئاڵۆزبووە، پێدەچێت روونکردنەوەیەکی هەڵەشی دابێت، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هەرچی زووە دابەشکردنی ڤاکسینەکە''.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای دەرمان Pfizer پارەیەکی زۆری بۆ ڤایرۆسەکە تەرخانکردووە و ملیۆنەها دۆلاری خەرجکردووە، ئەو کۆمپانیایە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی قۆناغەکانی تاقیکردنەوە بڵاودەکاتەوە.
- ''گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەڵبژاردنەکان دەنگدانە لە رێگەی پۆستەوە''
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لە مشتومڕەکانی دەنگدان کرد لە رێگەی پۆستەوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکی سێی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە و رایگەیاند ''لەئێستادا ئەو ملیۆنەها پسوولەی دەنگدانەی رەوانەی خەڵکی کراون لەبارەی هەڵبژاردنەکان گەورەترین کێشەمانە. باس لە ئەگەری دەستوەردانی وڵاتانی وەک چین یان رووسیا و وڵاتانی دیکە دەکرێت لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام گەورەترین کێشە و هەڕەشەی سەر هەڵبژاردنەکانمان دەنگدانە لە رێگەی پۆستەوە''.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە پێشتریش تەنانەت لە سەردەمی دوو جەنگی جیهانیدا دەنگدەر چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام دیموکراتەکان سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە دەنگدان بەو ژمارەیە زۆرە لە رێگەی پۆستەوە هەڵە و کێشەدارە، هەر پێداگرن لەسەر ئەو بابەتە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەیش کرد کە رکابەرە دیموکراتەکەی جۆ بایدن، بە دەستەواژەی ''نەیاری پۆلیسەوە'' گرتوویەتی و گوتی: ''بایدن پۆلیسی بە 'دوژمن' لەقەڵەمدا. پۆلیس دوژمن نییە، دۆستە. ئەوان یارمەتی ئێمە دەدەن''.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەو بانگەشانەی پشتڕاست کردەوە کە باس لەوە دەکەن کارمەندێکی دیکەی کۆشکی سپی تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە، بەڵام زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا نەکرد.