Azad Mohammed Abdullah
16 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2018
دهۆک - AA
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى نوێنەرایەتى یەکێتىی ئەورووپا و ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئیدارەى پارێزگاى دهۆک، ژمارەیەک پڕۆژە لە کەرتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک کۆتایی بە کارەکانیان هات و خرانە خزمەت هاووڵاتییان.
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، حەمزە رەزیکى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بە هەماهەنگى نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتى یەکێتیى ئەورووپا بۆ کاروبارە هەرێمییەکان و حکوومەتى ئیتاڵیا ژمارەیەک پڕۆژە لە نەخۆشخانەى 'هێڤیا زارۆکا' و نەخۆشخانەى فریاکەوتنى دهۆک و بنکەى تەندروستى خەبات کارەکانیان بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات و خرانە خزمەت هاووڵاتییان".
ئەو گوتیشى: "لە نەخۆشخانەى 'هێڤیا زارۆکا' سێ هۆڵى نەشتەرگەرى کرانەوە و ٤٠ قەرەوێلە و سەرجەم ئامێرەکانى پزیشکى نەشتەرگەرى بۆ هۆڵەکان دابینکرا، بەشێکى فریاکەوتن لە هەمان نەخۆشخانە کرایەوە بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان، هەروەها هۆڵێک بۆ کۆبوونەوەى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى کرایەوە".
حەمزە رەزیکى ئاشکراى کرد کە دوو هۆڵى نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى دهۆک نۆژەنکرانەوە و سەرجەم کەلوپەلە تەندروستییەکانیان بۆ دابینکرا، هەروەها لە سیستەمى تیشکى رۆژ بۆ ١١ بنکەى تەندروستى ڤاکسیندان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دابینکرا.
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک دەڵێت "یەکێتىی ئەورووپا بە بڕى شەش ملیۆن یورۆ ئەم پڕۆژانەى ئەنجامداوە، لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکان رێکخراوێکى ئیتاڵى بووە و هەموو کارەکان بە چاودێرى و هەماهەنگى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، ئەم پڕۆژانە خزمەتى زیاتر بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنن.
هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، کلاریس ماتا نوێنەری نووسینگەى یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروبارە هەرێمییەکان رایگەیاند "بە کردنەوەى چەند بەشێکى دیکەى نەشتەرگەرى لە پارێزگاى دهۆک خۆشحاڵێن و شانازى بەو هەوڵەکانمان دەکەین کە دەرئەنجامێکى باشى هەبووە لە رابردوو و لە ئێستاشدا، بە مەبەستى خزمەتى زیاترى کەرتى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک هەماهەنگییەکى بەهێز لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و یەکێتیى ئەورووپا و حکوومەتى ئیتاڵیا هەیە".