Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2018
ئۆتاوا ــ AA
توێژینەوەیەکی نوێی کەنەدا دەریخستووە، ئەو منداڵانەی بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لە رووی جەستەوە ئازار دەدرێن، مەترسی تووشبوونیان بە ھەوکردنی جوومگەکان دوای گەورەبوونیان، زیاتر دەکات.
ئەو توێژینەوە لە لایەن توێژەرانی پەیمانگەی " کرمبیل" لە کەنەدا ئەنجامدراوە و ئەنجامەکەشی لە دوا ژمارەی گۆڤاری خوولی زانستی " Arthritis Care & Research" بڵاوکراوەتەوە.
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە، توێژەران، لێکۆڵینەوەیان لە ٢١ ھەزار و ٨٨٩ تازەپێگەیشتوو کردووە کە لە قۆناغی منداڵیدا ھەم بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و ھەم لە رووی جەستەوە ئازاردراون.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانە مەترسی تووشبوونیان بە ھەوکردنی جوومگەکان بە بەروارد بەو منداڵانەی کە توندوتیژیان لە بەرامبەریاندا بەکارھێنراوە زیاترە.
لای خۆیەوە سەرۆکی تیمی توێژەرەکان، پزیشک ئیلیزابێس بادلی رایگەیاندووە کە کاتێک منداڵان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و توندوتیژیان لەبەرامبەریان بەکاردەھێندرێت، کۆئەندامی گەشەکردنیان لاواز دەبێت، ھەروەھا تووشی بەدخۆراکی دەبن کە بە ھۆیەوە ئەو منداڵانە تووشی ھەوکردنی جوومگەکان دەبن.
ئەنجامی ئەو توێژینەوە لە دوای ئەوە دێت کە پێشتر ھۆشداری ئەوە درابوو کە لەوانەیە بە ھۆی خراپی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان، ئەوان دوای قۆناغی گەورەبوونیان تووشی نەخۆشی دڵ، کەم خوێنی و شەکرەبن، ھەروەھا مەترسی ھەوکردنی منداڵدان بۆ کچان دوای قۆناغی گەورەبوونیان دروست دەکات.
ھەموو کەسێک لەسەرجەمچینەکان تووشی ھەوکردنی جوومگەکان دەبێت، بەڵام ئەم نەخۆشییە زیاتر کاریگەری بۆ سەر ساڵاچوواندا ھەیە.