Tufan Aktaş
08 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2021
ئیستانبوڵ - AA
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO)، رایگەیاند، خێرایی ھەڵکشانی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریقا بەردەوامە و ھەفتەی رابردوو خراپترین ھەفتە بووە لە رووی زۆریی ژمارە تووشبوونەوە.
بەڕێوەبەری WHO لە ئەفریقا، ماچیدیسۆ مۆتی، لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ھەفتانەی خۆیدا، ئاشکری اکرد کە ھەفتەی رابردوو، حاڵەتەکانی توشبوون لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە کیشوەرەکەدا گەیشتووەتە خاڵی لووتکە و ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمارکردووە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بەراورد بە ھەفتەی پێشووتر، ٢٥١ ھەزار حاڵەت زیادیکردووە.
ماچیدیسۆ مۆتی ئاماژەی بەوە کرد کە حاڵەتەکانی تووشبوون بۆ حەوتەمین ھەفتەیە لەسەر یەک رووی لە ھەڵکشان کردووە و گوتی، "ھێشتا خراپترین دۆخ بۆ ئەفریقا رووینەداوە".
ناوبراو راشیگەیاند کە زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون لە ١٦ وڵات بەردەوامە و لە ١٠ وڵاتیاندا جۆری دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوبووەتەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە لە کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ڤایرۆسەکە.
بەڕێوەبەری WHO لە ئەفریقا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو کوتانەی کە لە ئەفریقا ئەنجامدراوە لە سەدا ١،٦ی کوتانی جیھان پێکدەھێنێت و ئاشکرایشی کرد کە لە سەرتاسەری کیشوەرەکەدا تەنھا ١٦ ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون لە ئەفریقا زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەسە ژمارەی ئەو تووشبووانەی کە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە ١٤٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.